ترەمپ: پیاوێکی زۆر دەوڵەمەند ئامادەیە مووچەی سەربازانمان دابین بکات

15-10-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ترەمپ رایگەیاند، بەخشەرێکی زۆر دەوڵەمەند لەکاتی داخستنی حکومەتدا، ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی مووچەی سەربازانی سوپای ئەمریکا، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو کەسە دەوڵەمەندەوە بدات یان ناسنامەی ئاشکرا بکات. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ خافیێر میلی، سەرۆکی ئەرجەنتین لە کۆشکی سپی، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "لە راستیدا پیاوێک هەیە و کەسێکی زۆر دەوڵەمەندە، پێیڕاگەیاندم ئەگەر پارە پێویست بێت یان کورتهێنانی پارەی سەربازەکان هەبێت من ئامادەم بیدەم."
 
هەروەها ترەمپ گوتی "منیش پێم گوت ئێمە پێویستمان پێی نابێت، ئێمە گرنگی بە سەربازەکانمان دەدەین."
 
پاشان چەندین رۆژنامەڤان، پرسیاری ناسنامەی کەسەکە و بڕی پارەکەیان ئاراستەی بەرپرسانی کۆشکی سپی کرد، بەڵام ئەوان  وەڵامی هیچ پرسیارێکیان نەدایەوە.
 
ئەم لێدوانە نوێیەی ترەمپ چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس، فەرمانی بە پیت هێگسیت، وەزیری جەنگی ئەمریکا کرد "هەموو پارەی بەردەست بەکاربهێنێت بۆ پێدانی مووچەی سەربازەکانمان لە 15ـی تشرینی یەکەم."
 
بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە چ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی سەربازەکان بەکاردەهێنرێت، لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵی نزیکەی سێ هەفتەیە داخراوە و کارا نییە.
 
لە سەرەتای ئەم مانگە، سەدان هەزار فەرمانبەر و کارمەندی فیدراڵیی ئەمریکا دوایین مووچەیان وەرگرتووە و بەشێک لەو فەرمانبەرانەش بڕیاربوو ئەم هەفتەیە مووچە وەربگرن، بەڵام هیچیان پێنەدرا. 
 
وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێکس، رایگەیاند، چارەسەرێکی داهێنەرانەی دۆزیوەتەوە، تاوەکو هیچ کارمەندان و پاسەوانانی دەریایی ئەمریکا هیچ مووچەیەکیان نەفەوتێت و مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێبدرێت لە ماوەی داخستنی حکومەتدا.
 
نۆیم لەو پۆستەدا نووسیوویەتی "سوپاس بۆ سەرکردایەتیی سەرۆک ترەمپ، پیاوان و ژنانی ئازای پاسەوانانی دەریایی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا مووچەیان پێدەدرێت و هیچ مووچەیەک لەدەست نادەن، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەوان لە ئەرکە گرنگەکەیان لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییە، بەردەوامن." 
 
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ماوەی مانگێکە لە پشوودایە و مایک جۆنسن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران چەند جارێک رەتیکردووەتەوە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بانگهێشت بکات تاوەکو ئەنجوومەنی پیران "سینات" ئەو بڕیارە پەسند دەکات کە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا پارەی حکومەت دابین بکات.
 
هەفتەی رابردوو، ئۆفیسی بەڕێوەبردن و بودجەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی داخستنی حکومەتەوە، زیاتر لە چوار هەزار کارمەندی فیدراڵی لە ژمارەیەک دامودەزگەی حکومەتی ئەمریکا لە پۆستەکانیان بە یەکجاری دوورخراونەتەوە.
 
ئەمە جگە لەوەی بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئەمریکا، نزیکەی 340 هەزار فەرمانبەر و کارمەندی فیدراڵی مۆڵەتی بێ مووچەیان پێدراوە و لە ماڵەوە دەمێننەوە تاوەکو حکومەت کارا دەکرێتەوە.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، حکومەتی ئەمریکا داخراوە، ئەمەش بەهۆی پەسندنەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی و رێکنەکەوتنی هەردوو پارتی گەورەی ئەمریکا؛ کۆماری و دیموکراتەکان. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە