رووداو دیجیتاڵ
شارۆچکەیەکی ئیسپانیا کە پشیلەی رەش تێیدا ماوەیەکی درێژە وەک هێمای بەدبەختی یان پەیوەندی بە جادووگەرییەوە سەیر دەکرێت، بەشێوەیەکی کاتی لەخۆگرتنی ئەو جۆرە پشیلانەی قەدەخە کردووە بۆ ئەوەی لە "سرووتە نامۆکانی" هالۆویندا بەکارنەهێنرێن.
دەزگەی پاراستنی ئاژەڵانی تێراسا، کە شارۆچکەیەکە دەکەوێتە باکووری بارسێلۆنا، رۆژی 6ـی تشرینی یەکەم رایگەیاند، هەر داواکارییەک بۆ لەخۆگرتنی ئەو پشیلانە لە 1ـی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو 10ـی تشرینی دووەم رەتدەکرێتەوە، بۆ رێگریکردن لە "هەر مەترسییەک کە لە ئەفسانە، سرووت یان بەکارهێنانی نابەرپرسانەوە سەرچاوە بگرێت."
دەسەڵاتدارانی شارۆچکەکە کە دەکەوێتە هەرێمی کەتەلۆنیا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا، ئاماژەیان بەوەشکرد، بڕیارەکە "بەهۆی هاتنی وەرزی هالۆوین و بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی خۆپارێزی کە لەلایەن چەندین رێکخراوی پاراستنی ئاژەڵانەوە پەیڕەو دەکرێن" دراوە.
رۆژنامەی "دیاری دی تێراسا" هەفتەی رابردوو لە زاری نۆئێل دوکێ، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی بۆ کاروباری پاراستنی ئاژەڵان نووسی، کە هالۆوین نزیک دەبێتەوە، داواکاریی لەخۆگرتنی پشیلەی رەش بۆ مەبەستی "رێوڕەسم و سرووت" زیاد دەبن.
دوکێ، کە لە وێنەی پڕۆفایلی فەیسبوکەکەیدا لە تەنیشت پشیلەیەکی پرتەقاڵییەوە دانیشتووە، گوتی، شارەوانی "نەیدەتوانی چاوپۆشی لەم بابەتە ترسناکە بکات."
گرووپەکانی پاراستنی ئاژەڵان هۆشداری دەدەن، کە لەوانەیە پشیلەکان لە کاتی رێوڕەسمەکانی هالۆویندا ئازار بدرێن، بکوژرێن یان وەک کەرەستە بەکاربهێندرێن.
دەزگەی پاراستنی ئاژەڵان رایگەیاند، هەندێک حاڵەتی تایبەت هەن کە "بە شێوەیەکی گونجاو لەلایەن تیمی تەکنیکیی ناوەندەکەوە پاساویان بۆ دەهێنرێتەوە و هەڵدەسەنگێندرێن، لە کاتێکدا کە گەرەنتیی تەواوی سەلامەتی و پێشینەیەکی باوەڕپێکراوی داواکارەکە هەبێت."
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی ئاسایی لەخۆگرتنی پشیلەکان دوای هالۆوین دەستپێدەکاتەوە و بە دووریشی نەزانی لە داهاتوودا قەدەخەکردنی هاوشێوە دووبارە ببێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی شارەوانی، لە شارۆچکەی تێراسا زیاتر لە 9800 پشیلە هەن.
رێوڕەسم یان ئاهەنگی هاڵۆوین ساڵانە لە 31ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت، منداڵان لە دەرگەی ماڵان دەدەن و بە سەر و سیمای ترسناکەوە داوای شیرینی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ