رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی خۆر هێندەی جوانە، هێندەش مەترسیدارە. لە دەرەوەی ئەو هەسارانەی لە خەیاڵماندان سەردانیان بکەین، هەندێک شوێن هەن کەشەکەیان هێندە سەخت و نامۆیە کە لە تێگەیشتنی ئێمە بەدەرە.
لەم شوێنانەدا رووبەری گڕگرتوو، بای بەهێز، کەندی قووڵ و قڵیشی سەهۆڵین هەن. هەر یەکێکیان مەترسیی تایبەت بە خۆی هەیە.
لێرەدا باسی هەندێک لە مەترسیدارترین شوێنەکانی کۆمەڵەی خۆر دەکەین.
هێڵی جیاکەرەوەی شەو و رۆژ لەسەر عەتارد
لەسەر هەسارەی عەتارد، ئەو هێڵەی شەو و رۆژ لە یەک جیادەکاتەوە، شوێنێکی زۆر سەیرە. لایەکی کە رووی لە خۆرە، گەرمییەکەی دەگاتە 430 پلەی سیلیزی، بەڵام هەر کە لەو هێڵە دەپەڕیتەوە، راستەوخۆ پلەی گەرما دادەبەزێ بۆ 180 پلەی ژێر سفر.
هەر کەشتییەکی ئاسمانی لەو شوێنە بێت، بەهۆی ئەو گۆڕانە خێرایەی گەرما و سەرماوە راستەوخۆ تێکدەشکێت؛ هەروەها هیچ بەرگەهەوایەک نییە کە لە تیشکی خۆر بیپارێزێت.
خاڵە سوورە گەورەکەی موشتەری و خاڵە تاریکە گەورەکەی نیپتۆن
ئەم دووانە بەهێزترین بای کۆمەڵەی خۆریان تێدایە. خاڵە سوورەکەی موشتەری (هورمز بە کوردی)، شوێنێکە لە زەوی گەورەترە و خێرایی با دەگاتە 432 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. لەلایەکی دیکەوە، خاڵە تاریکەکەی نیپتۆن، کە قەبارەکەی نزیکە لە قەبارەی زەوییەوە، خێرایی با تێیدا دەگاتە 2 هەزار و 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، کە خێراترین بایە لە کۆمەڵەی خۆردا. هەر شتێک بکەوێتە نێویانەوە، وردوخاش دەبێت.
ئەفرۆدیت تێرا لەسەر زوهرە
ئەمە ناوچەیەکی شاخاوییە لەسەر هەسارەی زوهرە (ناهی بە کوردی؛ ڤینۆس بە ئینگلیزی). دۆخی ئەم هەسارەیە بە جۆرێکە پەستانی هەوا 90 جار لەوەی زەوی زیاترە، پلەی گەرما نزیکەی 460 پلەیە (ئەوەندە گەرمە کە قوڕقوشم دەتوێنێتەوە)، هەروەها هەورەکانیشی لە ترشی گۆگردیک پێکدێن. هەبوونی چیا و کەندی گەورە لەم ناوچەیەدا، مەترسییەکەی چەند قات زیاتر کردووە.
هێڵە پڵنگییەکان لەسەر ئینسێلادۆس
ئینسێلادۆس یەکێکە لە مانگە سەهۆڵینەکانی زوحەل (کەیوان بە کوردی). "هێڵە پڵنگییەکان" چەند درزێکی گەورەن لە نزیک جەمسەری باشووریی کە هەڵمی ئاو، سەهۆڵ و مادەی ئەندامی بە خێراییەکی زۆر لێیانەوە دێنە دەرەوە. هەر کەشتییەک یان رۆبۆتێک لەوێ بنیشێتەوە، رووبەڕووی ئەو تەقینەوە سەهۆڵییانە و سەرمایە دەبێتەوە.
بۆشایی ئێنکی لە ئەڵقەکانی زوحەل
ئەڵقەکانی زوحەل زۆر جوانن، بەڵام کوشندەن. بۆشایی ئێنکی رێڕەوێکە لەنێو ئەڵقەکاندا کە پڕە لە پارچەی سەهۆڵ و بەرد کە بە خێرایی دەیان هەزار کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەخولێنەوە. هەر کەشتییەکی ئاسمانی بچێتە ئەو ناوچەیەوە، وەک ئەوە وایە بچیتە نێو شوێنێکەوە کە لە هەموو لایەکەوە گوللـەت بەردەکەوێ.
یۆ، مانگە گڕکانییە مەرگبارەکە
یۆ، مانگی هەسارەی موشتەری، چالاکترین تەنە لە کۆمەڵەی خۆردا، زیاتر لە 400 گڕکانی چالاکی هەیە. بەردی تواوەی گڕکان بۆ سەدان کیلۆمەتر بڵاودەبێتەوە. لە هەمووشی مەترسیدارتر، یۆ لەناوچەیەکی پڕ لە تیشکدانەوەی کوشندەدایە کە لە چەند کاژێرێکدا هەر مرۆڤێک یان ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لەنێودەبات.
ڤیرۆنا روپیس - بەرزترین لێواری کۆمەڵەی خۆر لەسەر میراندا
میراندا، مانگێکی بچووکی ئۆرانووسە، بەرزترین لێواری تێدایە کە بەرزییەکەی نزیکەی 20 کیلۆمەترە. بەهۆی کێشکردنی کەمی میرانداوە، ئەگەر لەسەرەوەی بکەویتە خوارەوە، چەند خولەکێکی پێدەچێ تا دەگەیتە خوارەوە، بەڵام بە خێرایی 200 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا خۆت بە زەویدا دەکێشیت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ