رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی توانای ئەتۆمیی ئێرانی لەنێوبردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری کۆتایی لەبارەی ڤەنزوێلا داوە. سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، پلانی هەیە سکاڵای یاسایی لەسەر بی بی سی تۆماربکات و داوای قەرەبووی دارایی بکات؛ رەتیشیکردەوە هیچ زانیارییەکی لەبارەی فایلەکانی پەیوەست بە جێفری ئێپستینەوە هەبێت.
"کەس بوێری نەبوو"
رۆژی هەینی، 14ی تشرینی دووەمی 2025، ترەمپ لەنێو فڕۆکەی سەرۆکەیەتی لەکاتی گەڕانەوەی لە فلۆریداوە بۆ واشنتن دی سی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
ترەمپ باسی لە توانای سەربازیی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "باشترین فڕۆکە لە جیهاندا دروست دەکەین، باشترین مووشەکیش دروست دەکەین. ئێوە بینیتان کاتێک توانای ئەتۆمیی ئێرانمان لەنێوبرد."
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشکردنە سەر ئێران گوتی، سەرۆکەکانی پێش خۆی بۆ 22 ساڵ ویستیان هێرش بکەنە سەر ئێران، بەڵام "هیچ سەرۆکێک بوێری ئەوەی نەبوو ئەو هەنگاوە بنێت."
ترەمپ گوتیشی، "ئێمە ئەو کارەمان کرد. ئێستا ئێران شوێنێکی جیاوازە."
لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانیش، ترەمپ رایگەیاند، "ئێرانیش دەیەوێ دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێک بکات. لە راستیدا، هەمووان ئێستا دەیانەوێ لەگەڵ ئێمەدا دانوستاندن بکەن."
"بڕیارم لەبارەی ڤەنزوێلا داوە"
ترەمپ رایگەیاند، "تاوەکو رادەیەک" بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڤەنزوێلاوە داوە.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکەی بەرامبەر ڤەنزوێلا گوتی، "تاوەکو رادەیەک بڕیاری خۆمم داوە،" بەڵام ئامادەنەبوو هیچ وردەکارییەکی زیاتر لەبارەی سرووشتی ئەو بڕیارەوە ئاشکرا بکات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "ناتوانم پێتان بڵێم چییە، بەڵام دەتوانم بڵێم پێشکەوتنێکی زۆرمان لەگەڵ ڤەنزوێلا بەدەستهێناوە لە رووی رێگریکردن لە هاتنەناوەوەی مادە هۆشبەرەکان."
لە هەفتەکانی رابردوودا، واشنتن ژمارەیەکی بەرچاو کەشتیی جەنگی، فڕۆکەی پێشکەوتووی جەنگی و هەزاران سەربازی رەوانەی ناوچەی کاریبی لە ئەمریکای لاتین کرد. هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر 21 بەلەمی گومانلێکراوی قاچاخچێتیی مادە هۆشبەرەکان، کە بەهۆیانەوە لانیکەم 80 کەس کوژراون.
کاراکاس ترسی لەوە هەیە کە ئەم بڵاوکردنەوە بەرفراوانەی هێزی سەربازیی ئەمریکا پیلانێکی داڕێژراو بێت بۆ گۆڕینی دەسەڵات لەو وڵاتەی ئەمریکای لاتین.
"سکاڵا لەسەر بی بی سی تۆمار دەکەم"
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، پلانی هەیە سکاڵایەکی یاسایی لەسەر تۆڕی بی بی سی تۆمار بکات و داوای 5 ملیار دۆلار قەرەبوو بکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە کەناڵە بەریتانییەکە داوای لێبووردنی لەسەر دەستکاریکردنی ڤیدیۆییەکی یەکێک لە گوتارەکانی ترەمپ کرد.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "سکاڵایان لەسەر تۆماردەکەین و داوای قەرەبوویەکی یەک ملیار بۆ پێنج ملیار دۆلاری دەکەین، رەنگە هەفتەی داهاتوو بێت. پێموایە دەبێت بیکەم، چونکە ئەمە بابەتێکی جیدییە. تەنانەت ئەوان خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە فێڵیان کردووە و راستییەکانیان شێواندووە."
پارێزەرانی ترەمپ، رۆژی دووشەممەی رابردوو نامەیەکی فەرمییان ئاراستەی بی بی سی کرد و تێیدا تۆمەتباریان کرد بەوەی، "بە مەبەست" ناوی سەرۆکی ئەمریکایان زڕاندووە. تیمە یاساییەکەی ترەمپ تاوەکو رۆژی هەینی مۆڵەتیان بە کەناڵەکە دابوو بۆ داوای لێبووردن و پێدانی قەرەبووی دارایی.
ترەمپ ئاماژەی بە کاردانەوەکان کرد و گوتی، "خەڵکی بەریتانیا زۆر تووڕەن لەوەی روویداوە؛ دەتوانن بیهێننە بەرچاوی خۆتان، چونکە ئەم کارە دەریدەخات کە بی بی سی هەواڵی ساختە بڵاودەکاتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە پلانی هەیە ئەم پرسە لەگەڵ کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا باس بکات و گوتی، "لە راستیدا، ئەو پەیوەندی پێوە کردم."
رۆژی دووشەممە، بی بی سی لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا داوای لێبووردنی کرد لەسەر دروستکردنی دۆکیومێنتارییەک کە ساڵی رابردوو پەخشیان کردبوو و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە ترەمپ هانی لایەنگیرانی داوە "کردی تووندوتیژییانە" لەکاتی هێرشکردنە سەر کۆنگرێس ئەنجام بدەن.
ناکۆکییەکە لەسەر دەستکاریکردنی ڤیدیۆکە بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی گەورە لەناو تۆڕەکەدا و بووەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری گشتیی بی بی سی.
"تەندروستیم باشە"
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، وەک بەشێک لە پشکنینە جەستەییەکەی ئەم دواییەی، پشکنینی تیشکی موگناتیسی (MRI)ی بۆ کراوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجامی پشکنینەکەی "زۆر ئاسایی" بووە.
ترەمپ لەبارەی ئەنجامدانی پشکنینەکە گوتی، "من MRIم کرد، چونکە بەشێکە لە پشکنینی جەستەییم. ئەنجامدانی MRI زۆر ئاساییە. پێتانوایە نەدەبوو بیکەم؟ خەڵکی دیکەش دەیکەن... من MRIم کرد. پزیشکەکە گوتی ئەمە باشترین ئەنجامە کە تاوەکو ئێستا بینیویەتی."
پێشتر لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، کۆشکی سپی رەتیکردەوە کە وردەکاریی تایبەت لەبارەی وێنە پزیشکییەکانی پشکنینە جەستەییەکەی مانگێک لەمەوبەری ترەمپ بڵاوبکاتەوە، بەڵام رایگەیاند کە پشکنینەکە دەریخستووە تەندروستیی ترەمپ لە دۆخێکی نایابدایە.
ترەمپ، کە تەمەنی 79 ساڵە، پێشتر ئاشکرای کردبوو کە لە 10ی تشرینی یەکەم لە سەنتەری پزیشکیی وۆڵتەر رید پشکنینی MRIی ئەنجامداوە، بەڵام نە خۆی و نە کۆشکی سپیش هیچ زانیارییەکیان نەخستەڕوو کە پشکنینەکە بۆ کام بەشی جەستەی بووە.
کاتێک رۆژی هەینی بۆ وردەکاریی زیاتر پرسیاری لێکرا، ترەمپ وەڵامێکی ناڕوونی دایەوە و گوتی، "هیچ نازانم شیکاری چییان کردووە، بەڵام هەرچییەکیان شیکار کردبێت، بە باشی شیکارییان کردووە و گوتوویانە باشترین ئەنجامم هەبووە کە تاوەکو ئێستا بینیبێتیان."
"هیچ لەبارەی ئەو فایلانە نازانم"
ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ جێفری ئێپستین، بازرگانی سێکسیی کۆچکردوو، رایگەیاند کە هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو ئیمەیڵانەوە نییە کە باسی ئاگاداریی ئەو دەکەن لەبارەی "کچەکان"ەوە. ترەمپ لە هەوڵێکدا بۆ دوورخستنەوەی تۆمەتەکان لە خۆی، ئاراستەی پرسیارەکانی بەرەو بیل کلینتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و کەسایەتییەکانی دیکە گۆڕی.
لەکاتی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەڤانان، پرسیارێک لە ترەمپ کرا سەبارەت بە نێوەڕۆکی ئیمەیڵێکی ئێپستین کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە گوایە ترەمپ ئاگاداری چالاکییەکانی بووە. دۆناڵد ترەمپ، لە وەڵامدا گوتی، "هیچ شتێک لەبارەی ئەو نازانم. دەبوو زۆر لەمێژ ئەوەیان راگەیاندبایە."
سەرۆکی ئەمریکا لەبری وەڵامدانەوەی راستەوخۆی پرسیارەکە، سەرنجی خستە سەر پەیوەندییەکانی ئێپستین لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی دیکە و گوتی: "لە راستیدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەو مەبەستی چی بووە کاتێک هەموو ئەو کاتەی لەگەڵ بیل کلینتن، لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی هارڤارد، لاری سەمەرز یان هەرچییەک ناوی بێت و هەموو ئەو کەسانەی دیکە، بەسەربردووە."
ترەمپ گوتی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێپستین بۆ چەندین ساڵ "زۆر خراپ" بووە و ئەو یاداشتانەی ئێپستین لەبارەیەوەی نووسیویەتی، تەنیا لەبەرئەوە بووە کە ئەو پۆستی سەرۆکی ئەمریکای هەبووە.
کاتێک رۆژنامەڤانێکی دیکە پرسیاری کرد لەبارەی وادەی بڵاوکردنەوەی بەشێکی زیاتری دۆسیەکانی پەیوەست بە ئێپستین، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دیموکراتەکانەوە هەیە، ترەمپ گوتی کە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو فایلانە نییە و گوتی، "من لەبارەی ئەو فایلانەوە هیچ نازانم. هیچ شتێکی لەبارەوە نازانم. بەڵام تێدەگەم کە نزیکەی 40 یان 50 هەزار لاپەڕەیان بڵاوکردووەتەوە." ترەمپ بە ئاماژەدان بەوەی کە هیچ بەڵگەیەکی زیانبەخش دژی ئەو نەدۆزراوەتەوە، روونیکردەوە کە ئەگەر نەیارەکانی هەر شتێکیان لەبەردەست بووایە، "پێش هەڵبژاردن بەکاریان دەهێنا."
ئێپستین لە ساڵی 2019 بە تۆمەتی بازرگانیکردنی سێکس دەستگیرکرا و مانگێک دواتر لە زینداندا بە مردوویی دۆزرایەوە. حکومەتی ئەمریکا دەڵێت، خۆی کوشت، بەڵام رەخنەگرەکان دەڵێن، کوژراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ