رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی فەرەنسا رۆژی شەممە رایگەیاند، چەند دزێک لە باکووری وڵاتەکە بڕێک خشڵ و زێڕیان دزیوە کە بەهاکەی دەگاتە 1.2 ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی زانیارییەکان، رۆژی چوارشەممە دزەکان چوونەتە سەر دووکانێکی زێڕنگەری لە نێوەڕاستی شاری رۆبێی و بۆ ماوەیەکی کورت زێڕنگەرەکە و هاوژینەکەیان بە بارمتە گرتووە، دواتر بە خشڵە گرانبەهاکانەوە هەڵاتوون.
پۆلیس رایگەیاندووە، بەهای خشڵ و زێڕە دزراوەکان "لەنێوان 500 هەزار و یەک ملیۆن یۆرۆ"دایە، واتە لەنێوان 580 هەزار و 1.2 ملیۆن دۆلاردا بووە.
لێکۆڵینەوە لە دزییەکە دەستی پێکردووە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، لە پاریس، چەند کەسێک هەوڵیاندا فرۆشگەیەکی براندی گرانبەهای شانێل بشكێنن و دزی لێ بکەن. پۆلیس دەڵێت، پیاوەکان هەڵاتوون.
لە رووداوێکی جیادا، رۆژی چوارشەممە، چەند کەسێک پارەدان (قاسە)ی پۆستەخانەی سەرەکیی رۆبێیان تەقاندەوە و جانتاکەی نێویانی برد.
دواتر دەرکەوت جانتاکە هیچ پارەی تێدا نەبووە. ئەو ئێوارەیە شەش کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرکران.
ئەم دزییانە دوای ئەوە دێن کە مانگی رابردوو، باندێک بە رۆژی رووناک، هەڵیانکوتایە سەر مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس و بە بەهای نزیکەی 102 ملیۆن دۆلار خشڵ و گەوهەریان دزی.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی لەسەر ئاستی ئەورووپا، بە دەست بەرزترین ئاستی تاوانی دزیکردنەوە دەناڵێنێت.
ئاماری تاوانی دزیکردن لە فەرەنسا لە ساڵی 2024:
- ساڵی 2024، 218 هەزار و 200 جار دزی لە ماڵان کراوە.
- لە هەر هەزار ماڵ، دزی لە 6یان کراوە.
- 45٪ی ماڵەکان رایانگەیاندووە خشل و زێڕ و گەوهەرەکانیان دزراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ