رووداو دیجیتاڵ
سێشەممەی داهاتوو لە دانیمارک هەڵبژاردنە خۆجێییەکان دەکرێن، هەڵبژاردنەکان بۆ ئەندامانی جڤاتی شارەوانی و هەرێمیی 98 شارەوانی و 4 هەرێم لە سەرتاسەری دانیمارکن. پارتە بەشدارەکان کێبڕکێیانە لەسەر 2432 کورسیی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و 134 کورسیی ئەنجوومەنی هەرێمەکان.
بەپێی زانیارییەکانی بەرنامەی دیاسپۆرا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی دانیمارکدا زۆرتر لە 60 بەربژێری کورد هەن. بەربژێرەکان بەسەر پارتە جیاوازەکاندا دابەش بوونە و زۆرتریش سەر بە سۆسیال دێموکراتەکان و پارتە چەپە نێوەڕاستەکانی دیکەن. ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە باڵکێشن ئەوەیە کە هەڵبژاردن بۆ هەرێمێکی نوێ دەکرێت کە بڕیاروایە سەرەتای ساڵی 2027 دروستبێت.
لەم بارەیەوە لە دانیمارکەوە رەشید کێستەیی کە ساڵانی زۆرە لەوێ دەژیت، سەربازیی بۆ دانیمارک کردووە و ئاگرکوژێنەوەیەکی بەنێوبانگە لەو وڵاتە. ئەو شارەزایی لەسەر هەڵبژاردنە خۆجێییەکان و رۆڵی دیاسپۆرای کوردی لەو هەڵبژاردنانەدا هەیە، دیاسپۆرانشینی چالاکە لە دانیمارک و بۆ جاری دووەم خۆی بەربژێر کردووە، خزمەتی سەربازیی کردووە و وەکو ئاگرکوژێنەوەیەکی بەناوبانگ لەو وڵاتە کار دەکات
رەشید کێستەیی لەسەر هەڵبژاردنە خۆجێییەکان و رۆڵی دیاسپۆرای کورد شارەزاییەکی قووڵی هەیە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند، پێویستە بەربژێرانی کورد کار بۆ ئەو پرسانە بکەن کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەیە، ئەمەش وا دەکات متمانەی دەنگدەران بەدەست بهێنن، دەشڵێت، "زۆری ژمارەی بەربژێرە کوردەکان نیشانەیەکە لە سەرکەوتنی کورد لە دانیمارک و زیاتر تێکهەڵچوونیان لەگەڵ کۆمەڵگەی دانیمارکی و هەنگاوێکی گرنگە بۆ نیشاندانی بوونی کورد و کاریگەرییان لە کایەی سیاسەتی دیموکراتی دانیمارکدا".
رەشید کێستەیی جەخت دەکاتەوە کە بەربژێرە کوردەکان دەبێت خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر بەو متمانەیەی دەنگدەرانی کورد پێیان دەبەخشن، ئەو داوایان لێدەکات لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کار بکەن و هۆشیاریی سیاسییان بەرز بکەنەوە، چونکە بەم شێوەیە دەتوانن متمانەی زیاتری هاووڵاتییان بەدەست بهێنن، بەتایبەت لە ناو دیاسپۆرا، پێی وایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ کوردی دیاسپۆرا کە رۆڵێکی گەورە بگێڕن لە دروستکردنی پردێکی بەهێز لە نێوان کوردستان و دانیمارکدا، نەک تەنیا لە بواری سیاسی، بەڵکو لە بوارەکانی کولتووری، پەروەردەیی و بازرگانیشدا.
بە گوتەی کێستەیی، تاوەکو ئێستا پردێکی راستەقینە لە نێوان کوردستان و دانیمارکدا نەبووە، بەهۆی هەندێک ئاستەنگ و بەرژەوەندیی سیاسی و بازرگانییەوە، ئەو هیواخوازە بەشداریی کارای کورد لە سیاسەتی دانیمارکدا، ببێتە هۆی دروستکردنی ئەم پردە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە هەموو روویەکەوە.
کێستەیی لە ساڵی 2021 دا وەک بەربژێر بەشداریی کردووە، ئامۆژگاریی بەربژێرە کوردەکان دەکات راستگۆ بن لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ ئەو بەرنامە و پڕۆژانەی پێشکەشی خەڵکی دەکەن، ئەو داوایان لێدەکات چالاک بن و هەوڵ بدەن دەنگی زیاتری خەڵک بەدەست بهێنن لە کۆمەڵگەدا.
ئەو بەربژێرە کوردە روونیکردەوە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی دانیمارک تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ رۆڵی کورد لە سیاسەتی خۆجێی وڵاتەکەدا، و ئاوات دەخوازێت نوێنەرانی کورد ببنە هۆکاری گۆڕانکاریی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگەی دانیمارکی و کوردی نیشتەجێی ئەو وڵاتە.
رەشید کێستەیی داوای لە کوردی دانیمارک کرد لە رۆژی سێشەممەی داهاتوودا بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن و دەنگ بە بەربژێرە کوردەکان بدەن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە سۆشیال میدیای کوردی دانیمارک زۆر چالاکە و دەتوانن لەوێ زانیاری لەسەر بەربژێرەکان وەربگرن و بیانناسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ