جیهان
ئاڵای یەکێتی ئەوروپا لە دەرەوەی باڵەخانەی یەکێتییەکە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەوروپا لەسەر پێشنیازێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل رێکنەکەوت.
رۆژی هەینی 15-12-2023، زنار شینۆ، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل گوتی، تەوەرێکی سەرەکی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی کەرتی غەززە بوو، بەڵام ئەنجامی نەبوو.
بەگوێرەی نێردراوی رووداو، ئیسپانیا، بەلجیکا، ئێرلەندا و ماڵتا پێشنیازێکیان بۆ ئاگربەست ئامادەکردبوو، بەڵام رەتکرایەوە.
سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە چەند کاژێرێک پێش بەڕێوەچوونی لووتکەکە لە نامەیەکدا داوایان لە چارڵس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا کرد کە "گفتوگۆی جیدی لەسەر شەڕی ئیسرائیل و حەماس و کارەساتە مرۆییەکەی نێو غەززە بکرێت".
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتبوو، "داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەسەر ئاگربەستێکی درێژخایەن رێکبکەون و تووندوتیژییەکان بووەستێندرێن".
دوێنێ پێنجشەممە 14-12-2023، لیۆ ڤارادکار، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا رەخنەی لە یەکێتیی ئەوروپا گرت و گوتی، یەکێتییەکە "خەریکە متمانەی خۆی لەدەستدەدات و ئیدی پێگەیەکی بەهێزی بۆ چارەسەری جەنگەکە نەماوە".
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیاش کە وڵاتەکەی ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کرد "بە روونی، بە بەهێزی، بە تووندی بێتە دەنگ".
لووتکەی یەکێتی ئەوروپا رۆژی پێنجشەممە 14-12-2023 دەستیپێکرد و ئەمڕۆ دوایین رۆژی بوو. لووتکەکە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و بە بەشداری سەرکردەی 27 ئەندامەکەی بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ