رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، رۆژی شەممە زیاتر لە 700 کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەهۆی کەشوهەواوە چوار هەفتە بوو هیچ پەڕینەوەیەک بە بەلەم تۆمار نەکرابوو.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتەکە، رۆژی 13ی کانوونی یەکەم، 11 بەلەم کە 737 کەسیان هەڵگرتبوو، گەشتە مەترسیدارەکەیان کرد و گەیشتنە بەریتانیا، بەمەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی ئەم ساڵ بە بەلەمی بچووک گەیشتوونەتە کەناراوەکانی باشووری ئینگلتەرا، گەیشتە 40,029 کەس.
ئەو ماوەیەی کە جووڵەی کۆچبەرانی تێدا وەستا و دەگوترێ بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە بووە، بە درێژترین ماوەی وەستانی پەڕینەوە دادەنرێ لە حەوت ساڵی رابردوودا.
بەپێی ئامارەکان، پێش ئەم پەڕینەوەیەی رۆژی شەممە، بۆ 28 رۆژ هیچ بەلەمێک لە باکووری فەرەنساوە نەگەیشتبووە کەناراوەکانی باشووری ئینگلتەرا.
پرسی پەڕینەوەکان بووەتە بابەتێکی سەرەکیی سیاسی و خزمەتێکی زۆری بە جەماوەریی پارتی چاکسازی (Reform) کردووە بە سەرۆکایەتیی نایجڵ فاراج، کە سیاسەتڤانێکی دژە کۆچبەرە.
لە زۆربەی ڕاپرسییەکانی ئەم ساڵدا، پارتی ریفۆرم بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش پارتی کاری کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ