دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت.
 
گۆڤارەکە بڵاویکردووەتەوە، جێنسن هوانگی کۆمپانیای Nvidia، سام ئاڵتمانی OpenAI و ئیلۆن مەسکی xAI لەنێو ئەو کارسازانەدان کە "سووکانى مێژوویان گرتووەتە دەست، تەکنەلۆجیایان پەرەپێداوە و بڕیاری وا دەدەن کە ئاسۆی داتاکان، کەشوهەوا و بژێویی ژیانمان سەرلەنوێ دادەڕێژنەوە."
 
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کەسانە "ئاڕاستەی سیاسەتی حکومەتەکانیان گۆڕیوە، کێبڕکێ جیۆپۆلەتیکییەکانیان گۆڕیوە و رۆبۆتیان بردوەتە نێو ماڵان. ژیریی دەستکرد بێگومان وەک کاریگەرترین ئامراز لە کێبڕکێی زلهێزەکاندا دەرکەوتووە، لەدوای دەرکەوتنی چەکی ئەتۆمییەوە."
 
بەڵام ئەمە لە لایەن بەشێکی رای گشتییەوە، بە باشی پێشوازی لێنەکرا. هەندێ لەو کەسانەی دژی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردن، پێیانوایە گۆڤاری تایم کارێکی خراپی کردووە. 
 
یەکێک لە دوو بەرگی گۆڤارەکە، لە وێنە بەناوبانگەکەی ساڵی 1932ـی "نیوەڕۆخوانی سەر هەوربڕەکە" وەرگیراوە کە تێیدا کرێکارانی ئاسن بە ئاسوودەییەوە لەسەر ستوونێکی پۆڵایین لە سەرووی شاری نیویۆرکەوە نانی نیوەڕۆ دەخۆن.
 
بەڵام لە وێنەکەی گۆڤاری تایمدا، مارک زووکەربێرگ، لیزا سوی بەڕێوەبەری AMD، ئیلۆن ماسک، هوانگ، ئاڵتمان، هەروەها دێمیس هاسابیسی بەرپرسی ژیریی دەستکرد لە گووگڵ، داریۆ ئامۆدێی کۆمپانیای Anthropic و پرۆفیسۆر فەی-فەی لی لە زانکۆی ستانفۆرد، دانیشتوون.
 
بەگوێرەی گۆڤارەکە کە مارک بێنیۆف، ملیاردێری سیلیکۆن ڤاڵی خاوەندارێتی دەکات، ساڵی 2025 ئەو ساڵە بوو کە ژیریی دەستکرد لە تەکنەلۆجیایەکی هیوابەخشەوە بووە راستییەک و تێیدا بەکارهێنانی ChatGPT زیاتر لە دوو هێندە زیادیکرد و گەیشتە 10٪ی دانیشتووانی جیهان.
 
بەڵام بەکارهێنەرێکی ئینستاگرام لە کۆمێنتێکدا دەڵێ، ئەم هەنگاوەی تایم "وەبیرهێنەرەوەیەکی ساڵانەیە کە "کەسایەتیی ساڵ نە شکۆمەندییە و نە پشتیوانی."
 
یەکێکی دیکە باسی لە مەترسیی ژیریی دەستکرد کردووە لەسەر بازاڕی کار. بە گوێرەی کەناڵی CBSی ئەمریکی، لە حەوت مانگی سەرەتای ساڵی 2025، ژیریی دەستکرد بووەتەهۆی ئەوەی زیاتر لە 10 هەزار کارمەندی کەرتی تایبەت لە ئەمریکا کارەکانیان لەدەستبدەن؛ هەروەها پەیمانگەی تەکنەلۆجیای ماساچووسێتسی ئەمریکی توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە کە دەریدەخات، دەکرێ ژیریی دەستکرد شوێنی 11.7٪ی هێزی کاری ئەمریکا پڕبکاتەوە. 
 
ئەمە وای لە یەکێک لە بەکارهێنەران کردووە کەسایەتییەکی دیکەی ساڵ بەربژێر بکات. ئەو هاووڵاتییە نووسیویەتی: "هەموو ئەو کەسانەی بەهۆی بەکارهێنانی بێباکانەی ژیریی دەستکرد لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە، بۆ من کەسایەتیی ساڵن."
 
یەکێکی دیکە نووسیویەتی: "نەفرەت! ژیریی دەستکرد تەنانەت کاری کەسایەتیی ساڵیشی دزی." یەکێکی دیکە دەڵێ: "تۆ سەیری ملیاردێر و ترلیۆنێرەکان بکە کە وڵات بەڕێوە دەبەن."
 
یەکێکی دیکە نووسیویەتی: "هیچ یەک لەو بەڕێوەبەرە جێبەجێکارانە خۆیان کار ناکەن، تەنیا هەموو پارەکە و پێزانینەکە بۆ خۆیان دەبەن و داهێنانی ئەوانی دیکەمان پێ دەفرۆشنەوە."
 
هوانگ بە گۆڤاری تایمی گوتووە، ژیریی دەستکرد "بە تاکە تەکنەلۆجیای هەرە کاریگەری سەردەمی ئێمە دادەنرێ" و پێشبینی کرد ژیریی دەستکرد ئابووریی جیهان لە 100 تریلیۆن دۆلارەوە بۆ 500 تریلیۆن دۆلار گەشە پێدەدات.
 
گۆڤارەکەش ئاماژەی بە لایەنە تاریکەکەی کردووە.
 
ئەم ساڵ چەندین سکاڵای یاسایی تۆمارکران کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد چات بۆتەکان هۆکاربوون بۆ خۆکوشتنی هەرزەکاران و قەیرانی تەندروستیی دەروونی، هاوکات مەترسیی لەدەستدانی کار لە ئارادابوو، چونکە کۆمپانیاکان کەوتنە کێبڕکێ بۆ دانانی رۆبۆت لە شوێنی مرۆڤ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە