جیهان
ئەمریکا بە تووندی رەخنەی لەو مانۆڕانە گرت کە لەم هەفتەیەدا بە بەشداریی کەشتییەکانی چین، ئێران، رووسیا و ئیمارات لە نزیک شاری کەیپ تاون کران. وێنە: Dwayne Senior/ Bloomberg
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەفریقای باشوور فەرمانی لێکۆڵینەوەیەکی دا سەبارەت بە بەشداریی ئێران لە مەشقە دەریاییەکان، کە وا دیارە بە پێچەوانەی رێنماییەکانی سەرۆکی وڵات بووە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە دوای ئەوە دێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تووندی رەخنەی لەو مانۆڕانە گرت کە لەم هەفتەیەدا بە بەشداریی کەشتییەکانی چین، ئێران، رووسیا و ئیمارات لە نزیک شاری کەیپ تاون کران.
میدیا نێوخۆییەکان بڵاویان کردووەتەوە، سیریل رامافۆزا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور، داوای لە وەزیری بەرگری کردبوو 3 کەشتییە جەنگییەکەی ئێران لە مانۆڕەکە دوور بخاتەوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا "حکومەتی ئێران خەریکی رووبەڕووبوونەوەیەکی خوێناوییە دژی خۆپێشاندەران".
هەرچەندە سەرەتا وەزارەتی بەرگری لە سۆشیاڵ میدیا ناوی کەشتییەکی ئێرانی وەک بەشداربوویەک هێنابوو، بەڵام دواتر پۆستەکەی سڕییەوە. ئێستا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە کار دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا رێنماییەکانی سەرۆک "پشتگوێ خراون یان بە هەڵە گەیێندراون".
باڵیۆزخانەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە 15-01-2025 بەشداریی ئێرانی بە "کارێکی بێویژدانی" وەسفکرد، لە کاتێکدا بەپێی چەند زانیارییەکی نافەرمی، بە هەزاران کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا کوژراون. ئەم مانۆڕانە لە کاتێکدا دەکرێن، ئەفریقای باشوور هەوڵ دەدات پەیوەندییە تێکچووەکانی لەگەڵ واشنتن چاک بکاتەوە.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەفریقای باشووری بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دژە ئەمریکا تۆمەتبار کردووە. واشنتن بەو هۆیەوە بایکۆتی لووتکەی گرووپی 20ـی کرد کە لە تشرینی دووەمی رابردوودا لەو وڵاتە بەڕێوەچوو، هەروەها گومرگی 30٪ـی بەسەر کاڵاکانی ئەفریقای باشووردا سەپاند.
لە مانگی ئابی رابردووشدا، نووسینگەی رامافۆزا رەخنەی لە سوپای وڵاتەکەی گرت بەهۆی ئەوەی رێگەیان بە فەرماندەی گشتیی سوپا دابوو سەردانی ئێران بکات و داوای هاوکاریی سەربازی بکات. گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئەو کات رایگەیاندبوو، ئەو سەردانە زیان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەگەیێنێت بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ