رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە ئاشکرای دەکات، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیان لە حەویجە "داوای لێبووردنی کردووە" و بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچەکە دابین دەکەن، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە "هیچ بڕە پارەیەک ناتوانێت ئازاری کەسوکاری قوربانییان بڕەوێنێتەوە."
یوریان ئێسەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بە رووداوی راگەیاند، روبن برێکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا لە سەردانەکەیدا بۆ حەویجە، "بەناوی حکومەتی وڵاتەکەیەوە داوای لێبووردنی کردووە بۆ ئەو قوربانییە مەدەنییە نەخوازراوانەی کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی ساڵی 2015 لە کاتی شەڕی دژ بە داعش کەوتبوونەوە."
شەوی 2ی حوزەیرانی 2015، فڕۆکە جەنگییەکانی هۆڵەندا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، حەویجەیان بۆردوومان کرد، کە بەهۆیەوە نزیکەی 70 هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا دەڵێت: "سەردانەکە لەسەر ئاستی پیشەیی و کەسی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر وەزیر دروستکرد و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی ئەو خێزانانە کرد کە ئازیزانیان لەدەستداوە".
رۆژی پێنجشەممە، 15-01-2026، روبن برێکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا گەیشتە کەرکووک و سەردانی قەزای حەویجەی کرد.
سەبارەت بە میکانیزمی قەرەبووکردنەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بۆ رووداو روونیکردەوە: "لە دوای ئەنجامەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، بڕیاردرا بڕی 10 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکان دابین بکرێت کە سوود بە هەموو کۆمەڵگەی ناوچەکە بە گشتی دەگەیەنێت، نەک وەک قەرەبوو بۆ تاکەکان."
وەزارەتەکە دەڵێت: "دان بەوەدا دەنێین کە هیچ بڕە پشتگیرییەک ناتوانێت ئەو ئازار و مەینەتییانەی چەشتوویانە بڕەوێنێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ