رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا (فرۆنتێکس) رایگەیاند، ساڵی رابردوو 178 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەورووپا، کە بەراورد بە ساڵی پێشووتر 26٪ کەمیکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 15-01-2026، فرۆنتێکس لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاویکردەوە، پار (2025) ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە رێگە جیاوازەکان چوونەتە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا 178 هەزار کەس بووە؛ ئەمەش نزمترین ئاستە کە لە دوای ساڵی 2021ـەوە تۆمار کرابێت.
بەپێی راپۆرتەکە، دابەشبوونی رێگەکانی کۆچکردن بەمشێوەیە بووە:
رێگەی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست: 51 هەزار و 399 کۆچبەر ئەم رێگەیەیان بەکارهێناوە، کە بەراورد بە پێرار 27٪ کەمیکردووە؛ زۆرینەی کۆچبەرەکانیش خەڵکی ئەفغانستان، سوودان و میسر بوون.
رێگەی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست: 66 هەزار و 328 کۆچبەر لەم رێگەیەوە چوونەتە ئەورووپا، کە تەنیا 1٪ کەمترە لە دوو ساڵ پێش ئێستا.
رێگەی رۆژئاوای بەڵکان: 12 هەزار و 528 کەس لەم رێگەیەوە پەڕیونەتەوە، کە 42٪ کەمیکردووە؛ زۆرینەیان خەڵکی تورکیا، ئەفغانستان و سووریا بوون.
فرۆنتێکس و پسپۆڕان هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی کۆچبەران بۆ تووندترکردنی رێکارە ئەمنییەکانی سنوور و گۆڕانکاری لە سیاسەتی کۆچبەریی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەگەڕێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ