بەریتانیا رێگە بە ئەمریکا دەدات بنکە سەربازییەکانی بۆ لێدان لە ئێران بەکاربهێنێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەندی لەسەر داواکارییەکی ئەمریکا نیشان داوە، بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بە مەبەستی "کردەی بەرگریی سنووردار" دژی هەڕەشە مووشەکییەکانی ئێران.
 
رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ستامەر رایگەیاند: "ئەمریکا داوای مۆڵەتی کردووە بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بۆ مەبەستێکی بەرگریی دیاریکراو و سنووردار، ئێمەش بڕیارمان داوە رەزامەندی لەسەر ئەو داواکارییە بدەین."
 
سەبارەت بە هۆکاری ئەو بڕیارە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە بۆ رێگریکردنە لەوەی ئێران مووشەک بە ناوچەکەدا بتەقێنێت و ببێتە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل و خستنە مەترسیی ژیانی هاووڵاتییانی بەریتانی.
 
ستامەر جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی هێشتا بەشدار نییە لەو هێرشانەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیکەنە سەر ئێران، بەڵام گوتی: "هاوبەشەکانمان لە کەنداو داوایان لێکردووین کاری زیاتر بکەین بۆ بەرگریکردن لێیان، پاراستنی ژیانی بەریتانییەکانیش ئەرکی منە."
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاشکرای کرد کە ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیا لە ئاسماندان و وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنە بەرگرییە هاوئاهەنگەکان، توانیویانە بە سەرکەوتوویی چەندین مووشەکی ئێرانی تێکبشکێنن.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ستامەر گوتی: "تەنیا رێگە بۆ راگرتنی ئەم هەڕەشانە، تێکشکاندنی مووشەکەکانە لە سەرچاوەکەیانەوە؛ چ لە کۆگا و عەمبارەکان بێت، یان ئەو سەکۆیانەی مووشەکەکانی لێوە دەتەقێنردێن."
 
ئەم بڕیارەی بەریتانیا لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی فراوانبوونی هێرشەکان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا و مەترسیی فراوانبوونی جەنگەکە لە ئارادایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە