رووداو -هەولێر
ئاسایشی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆجیا یەکێکە لە تەوەرە گرنگەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئەمریکا دەیەوێت ئەم کۆنفرانسە بقۆزێتەوە و بە وڵاتانی هاوپەیمانی بڵێت، ئەگەر دەتانەوێت ئاسایشی ئەلیکترۆنیتان پارێزراو بێت، خۆتان لە کڕین و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای کۆمپانیا چینیەکان بپارێزن، لەنێویشیاندا کۆمپانیای هواوی، چونکە پێیوایە کۆمپانیاکە سیخوڕی بۆ حکومەتی چین دەکات.
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بۆ ئەوەی هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەی ساردبکاتەوە لە کڕینی تەکنەلۆجیای 5G یاخود تۆڕەکانی ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم لە کۆمپانیای هواوی، باسی لە مەترسیی دزەپێکردنی زانیارییەکان کرد.
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەوروپیەکان زۆر گرنگی بە پاراستنی زانیارییەکانی خۆیان دەدەن. ئێمە ناتوانین رێگە بدەین زانیاریەکانمان بەنێو تۆڕێکی ئینتەرنێتدا بڵاوببنەوە کە بڕوامان پێینەبێت و لەوە بترسین پارتی کۆمۆنیستی چینی دزەیان پێبکات، ئەم شتە قبوڵ ناکرێت".
هاوکات چین رەتی دەکاتەوە کۆمپانیای هواویی بۆ کاری سیخوڕی بەکارهێنابێت و دەڵێت، تۆمەتەکانی ئەمریکا تەنیا بۆ رێگیریکردنە لە گەشەکردنی ئابووریی وڵاتەکەیان، چونکە واشنتن دەیەوێت خۆی کۆنترۆڵی هەموو ئینتەرنێت و داهاتەکەی بکات.
وانگ ئیی، وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە کرد، "سەرچاوەی سەرەکیی هەموو ئەو کێشانە ئەوەیە کە ئەمریکا نایەوێت چین بەخێرایی پێشبکەوێت و ببووژێتەوە، نایانەوێت دان بە وڵاتێکی سۆشیالیستی سەرکەوتوودا بنێن. ئەمە دادپەروەرانە نییە، چین مافی خۆیەتی پێشبکەوێت، خەڵکی چین مافی خۆیانە باشتر بژین".
لە رابردوودا ئەمریکا کۆمپانیای هواویی بە سیخوڕیکردن بۆ حکومەتی چین تۆمەتبارکرد و سزای خستە سەر هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی و هۆشداریشی بە هاوپەیمانەکانی خۆی دا کە خۆیان بەدووربگرن لە کڕینی تەکنەلۆجیای نەوەی پێنجەم لەو کۆمپانیایە، تاوەکو کار گەیشتە ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی هاوئاهەنگیی هەواڵگریی لە بەریتانیا بکات ئەگەر بێتو تەکنەلۆجیاکە لە هواوی بكڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ