کامالا هاریس: بەرژەوەندیی گەلی ئەمریکا لەوەدایە واشنتن لە رۆڵی سەرکردایەتیی جیهان بەردەوام بێت

16-02-2024
تەنیا ئەحمەد
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رایگەیاند، "بەرژەوەندیی ئەمریکییەکان لەوەدایە کە واشنتن لەگەڵ جیهان کار بکات و بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیی جیهان".
 
رۆژی هەینی، 16-02-2024، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا رایگەیاند، "هەرچەندە هەندێک خەڵک رەتی دەکەنەوە، بەڵام بەرژەوەندیی بنچینەیی گەلی ئەمریکا لەوەدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە رۆڵی سەرکردایەتیی جیهان و بەردەوامیش بێت لە کارکردن لەگەڵ وڵاتانی جیهان".
 
هاریس بۆ روونکردنەوەی قسەکانی گوتی، "ئەمەش بۆ ئەوەی بەرگری بکەین لە بەها دیموکراسییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات؛ هەروەها بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانانمان کاربکەین لە گەڕان بەدوای ئامانجە هاوبەشەکاندا".
 
رۆژی هەینی تاوەکو رۆژی یەکشەممە، بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە شاری میونشنی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئاسایشی جیهان کە پێی دەگوترێت کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن. یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە تاوتوێکردنی دۆخی غەززە و پەرەسەندنەکانی جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین و کاریگەرییەکانی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی دیکەیە.
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئاماژەی بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و گوتی، "لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێمە خەریکین بە زووترین کات کار لەسەر کۆتاییهێنان بە گرژییەکان بکەین کە حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد؛ کار لەسەر ئەوە دەکەین دڵنیابینەوە لەوەی کە ئیسرائیل ئارامە، بارمتەکان ئازاد دەکرێن، قەیرانە مرۆییەکان چارەسەر دەکرێن، حەماس کۆنتڕۆڵی غەززە ناکات و فەلەستینییەکان چێژ لە مافی خۆیان وەردەگرن لە هەبوونی ئاسایش، شکۆ، ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین."
 
کەسی دووەمی ئیدارەی بایدن دووپاتی کردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە وەڵامدانەوەی "شەڕەنگێزی"ـیەکانی ئێران و گرووپە نزیکەکانی.
 
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەموو ساڵێک لە پایتەختی هەرێمی باڤاریای فیدراڵیی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت؛ ساڵانە زیاتر لە 450 بڕیاردەری باڵا و سەرکردە لە سەرانسەری جیهانەوە دەچنە میونشن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە