پەیامێک لە نەمساوە لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر: قبووڵ ناکرێت

16-02-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا
ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی نەمسا سەقامگیری و ئاسایشی عێراق بە "گرنگ" بۆ سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتەکەی ناو دەبات و لەبارەی هێرشەکەی ئێرانیش بۆسەر هەولێر رایگەیاند، "قبووڵ ناکرێت."

ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە زنار شینۆ، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، سەقامگیری و ئاسایشی عێراق بۆ سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتەکەی "گرنگە." لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر هەولێر گوتی، "بووە هۆی کوژرانی خەڵکی بێتاوان و قبووڵ ناکرێت."

ئەو وەزیرەی نەمسا ئەوەی خستەڕوو، پەیوەندیی دیپلۆماسیی زۆر بەهێزیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و "ماوەیەکی درێژە ڤیەننا بۆ خەڵکێکی زۆری کوردستان بووەتە پەنجەرەیەک بەڕووی رۆژئاوادا."

لەبارەی کۆبوونەوەشی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندیی دووقۆڵی و کاروباری هەرێمییان تاوتوێ کردووە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا:
 
رووداو: وەزیر شاڵنبێرگ، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. دەتوانی پێمان بڵێیت لەسەر چ تەوەرێکی هاوبەش لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆتان کرد؟
 
ئەلێکساندەر شالنبێرگ: بە بڕوای من، بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە، کە بریتییە لە سەقامگیری و گەشەکردن. کاتێک پاییزی رابردوو هاتمە عێراق، سەردانی بەغدا و هەولێرم کرد؛ شاندێکی ئابووریی گەورەم لەگەڵ بوو؛ شاندێکی بازرگانی بوو؛ 20 کۆمپانیا بوون. کۆمپانیاکان زۆر حەز دەکەن لە عێراق وەبەرهێنان بکەن. بڕوام وایە کۆمپانیا نەمساییەکان ژمارەیەک خاڵیی باشیان هەیە، یەکەم: دڵسۆزن؛ دووەم: کاری کوالێتیی باش دەکەن؛ سێیەم: ئەجێندای سیاسیی شاراوەیان نییە. ئەوان هیچ شتێکیان ناوێت، تەنیا دەیانەوێت بازرگانی بکەن. هەروەها ئێمە هاوئاهەنگیی ئەمنیمان هەیە. پەیوەندیی دیپلۆماسیی زۆر بەهێزمان هەیە. من باڵیۆزخانەم لە بەغدا کردەوە. زۆر دڵخۆشم لە شێوازی گەشەکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان. ئەوە بابەتە دووقۆڵییەکە بوو. شتێکی دیکە کە تاوتوێمان کرد، کاروباری هەرێمی بوو، بۆ نموونە، هێرشی مووشەکیی قبووڵ نەکراوی ئێران کە خەڵکی بێتاوانی کوشت. عێراق بۆ ئێمە گرنگە، بۆچی؟ چونکە بوومەلەرزەیەک لە عێراق رووبدات، لە نەمسا هەست بە شەپۆلەکانی دەکەین. ئاساییش و سەقامگیریی عێراق بۆ ئاساییش و سەقامگیریی ئێمە گرنگە. بۆیە زۆر بایەخی پێدەدەم و وەبەرهێنانی تێدا دەکەم؛ هیوادارم بتوانین لە وەبەرهێنان بەردەوام بین.
 
رووداو: هیچ پلانێک هەیە کۆنسوڵخانەیەک یان نووسینگەیەکی دیپلۆماسی لە هەولێر بکەنەوە؟
 
ئەلێکساندەر شالنبێرگ: هەنگاوی یەکەمی من ئەوە بوو کە باڵیۆزخانەی نەمسا لە بەغدا بکەمەوە؛ بڕوام وایە لەنێوان هەولێر و ڤییەنناش پەیوەندیی زۆر نزیکمان هەیە. یەکەمین فڕۆکە گەشتی راستەوخۆی لە هەولێرەوە بۆ ڤییەنا کرد. ڤیەنناش ماوەیەکی درێژە بۆ زۆر لە خەڵکی کوردستان بووەتە پەنجەرەیەک بەڕووی رۆژئاوادا. هەروەها ئامادەییەکی ئابووریی بەهێزمان هەیە. ئەگەر پرسیار لە وەزیرێکی دەرەوە بکەیت، ئایا دەیەوێت کۆنسوڵخانەیەک یان باڵیۆزخانەیەک بکاتەوە، هەر کەسێک بێت، پێت دەڵێت: بەڵێ. بەڵام پرسەکە پەیوەندیی بە بودجە و هێزی کارەوە هەیە.
 
رووداو: بەڕێز شاڵنبێرگ، ئەگەر رێگەم بدەیت، لەبارەی یەکێتیی ئەوروپاوە پرسیارێکت لێ دەکەم. ئێمە لە لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا بووین لە برۆکسل. نیهامەر، راوێژکاری وڵاتەکەتان پێی گوتین، نەمسا لە زۆر پرسدا بێلایەن دەمێنێتەوە، ئینجا ناتۆ بێت یان پرسەکانی دیکە. ئایا ئێوە لە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیگەران نین بەهۆی ئەو شەڕەی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل لە دەریای سوور دروستبووە؟ هەروەها ئەو شەڕەشی کە لە ئۆکراینا هەیە؟
 
ئەلێکساندەر شالنبێرگ: بابەتەکە ئەوەیە، دەبێت بزانین مەبەستمان لە بێلایەنی چییە. نەمسا لە ساڵی 1955ـەوە بەپێی دەستووری وڵاتەکەمان، وڵاتێکی بێلایەنە. بێلایەنی بە واتای ئەوە نایەت هیچ بۆچوونێکمان نەبێت. بەڵێ، بە واتای ئەوە دێت کە ئێمە ئەندامی ناتۆ نین. بۆ نموونە، چەک بە ئۆکراینا یان وڵاتانی دیکە نادەین کە لە جەنگدان. بەڵام هەڵوێستمان زۆر روونە، چ لەبارەی ئۆکرایناوە بێت یان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەڵوێستی ئێمە هەمیشە لە بەرەی یاسای نێودەوڵەتیدایە، لە بەرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، بۆچی؟ چونکە ئێمە وەکو وڵاتێکی بچووک پێویستمان بە سیستمێکی نێودەوڵەتییە کە لەسەر بنەمای یاسا بەڕێوەببرێت، بە جۆرێک کە یاساکان جێبەجێ بکرێن و نەکەوینە بەر یاسای دارستان، بەڵکو دەمانەوێت یاسا سەروەر بێت، ئەوە هێڵی سەرەکی و هێڵی سووری ئێمەیە کە بۆ هەموو قەیرانێک دایدەنێین؛ بۆیە هەرگیز نابێت بێلایەنی بە کەم سەیر بکرێت یان بە هەڵە وەکو بێباکی سەیر بکرێت. ئێمە لە بەرامبەر تیرۆردا بێباک نین؛ هەروەها بێباک نین ئەگەر وڵاتێک بڕیار بدات وڵاتێکی دیکە داگیر بکات. ئێمە دەزانین رێک دەبێت لە کوێ بوەستین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.