رووداو دیجیتاڵ
ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی بەندکراوی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا و رەخنەگری سەرسەختی ڤلادیمیر پووتین، لە زیندان گیانی لەدەستدا.
رۆژی هەینی، 16ـی شوباتی 2024، دەزگای زیندانی رووسیای فیدراڵ لە راگەیێندراوێکدا مردنی ناڤالنی پشتڕاستکردەوە و گوتی، "ناڤالنی دوای ئەوەی کەمێک بە پێ رۆیشتووە، هەستی بە باشی نەکردووە و دەستبەجێ بووراوەتەوە."
دەزگای زیندانی رووسیای فیدراڵ باسی لەوەشکردووە، دەستبەجێ تیمی پزیشکی نەخۆشخانەکە لە دۆخی ناڤالنی ئاگادار کراونەتەوە، دوای ئەوەش پزیشکەکان مردنی ناڤالنییان پشتراستکردووەتەوە.
لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی ناڤالنی، دەزگای زیندانی رووسیا دەڵێت، تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.
دوای رووداوەکەش، بەرپرسانی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملن ئاماژەیان بەوە کرد، کە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گیانلەدەستدانی ناڤالنی ئاگادار کراوەتەوە.
گیانلەدەستدانی ناڤالنی لە دەرەوەی رووسیاش کاردانەوەی لێکەوەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی نەرویج لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "حکومەتی رووسیا بەرپرسیاریەتێکی قورسی گیانلەدەستدانی ناڤالنی دەکەوێتە ئەستۆ."
ئێدگار رنکێڤیچ، سەرۆکی لاتیڤیا لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی ناڤالنی خستە ئەستۆی پووتین و گوتی، "ناڤالنی بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن بەرپرسانی کرێملنەوە کوژراوە."
ناڤالنی، تەمەن 47 ساڵ، یەکێک بوو لە سەرکردە هەرە دیارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا و بەردەوام رەخنەی لە ڤلادیمێر پووتین گرتووە و بە گەندەڵی تۆمەتباری کردووە.
ناڤالنی رەخنەگرێکی تووندی ڤلادمیر پووتین بوو، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا سەرکردایەتی چەندین خۆپێشاندانی لە دژی بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین و تاکڕەوی سیستمی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا کردووە.
ناڤالنی لە ساڵی 2021ـەوە دوای ئەوەی لە ئەڵمانیا گەڕایەوە رووسیا، دەستگیرکرا، چەند تۆمەتێکی جیاجیای دراوەتە پاڵ و بە 19 ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ