پارتی دژە کۆچبەری AfD بە پشتیوانیی ئیلۆن مەسک لە ئەڵمانیا دەدرەوشێتەوە

16-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەموو پارتەکانی دیکەی ئەڵمانیا پارتی راستڕۆی تووندڕۆی AfD بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر دیموکراسی دەزانن، بەڵام ئەو پارتە دژە کۆچبەرە، دۆستێکی بەهێزی لە دەرەوە هەیە، ئەویش ئیلۆن مەسکە، دەنگە دلێرەکەی تیمەکەی ترەمپ. 
 
ئێڵۆن مەسک، بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەدا بەشدار بوو و بە جەماوەرەکەی گوت: "بۆ پێشەوە خەڵکینە، بۆ پێشەوە، لە پێناو داهاتوویەکی خۆش بۆ ئەڵمانیا بجەنگن! شانازیکردن بە کولتووری ئەڵمانیا و بەهاکانی ئەڵمانیا شتێکی باشە و ئەوە بەهۆی فرەکولتوورییەوە لەدەست نەدەن کە دەبێتە هۆی کاڵبوونەوەی هەموو شتێک."
 
لە کاتێکدا گەڕانەوەی ترەمپ سەرکردایەتیی بەرلینی راچڵەکاندووە، پارتی AfD خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی. 
 
تیمەکەی ترەمپ و AfD لە رەتکردنەوەی کۆچبەران، وزەی با و سیاسەتی جێندەر هاوبیر و هاوهەڵوێستن. 
 
لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکەی 23ـی شوباتی وڵاتی خاوەن گەورەترین ئابووریی ئەورووپا نزیکدەبێتەوە، مەسکیش رۆژ دوای رۆژ زیاتر لەسەر دەنگدانەکە قسە دەکات.  
 
ئەو پیاوەی لە پشت کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس، تێسلا و تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوەیە، نەک تەنیا بە شێوەیەکی زەق و ئاشکرا پشتیوانی لە AfD دەکات، بەڵکو لە هەمان کاتدا گاڵتە بە ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری چەپڕۆی میانڕۆ دەکات و بە "گەمژە" و "ئۆڵاف شیتس" ناوی دەبات، کە بە ئینگلیزی جنێوێکی خراپە.
 
لە کاتی گفتوگۆکردنی لەگەڵ ئەلیس ڤیدێل، سەرکردەی AfD، مەسک بە ئەڵمانەکانی گوت: "پێویستە بۆ گۆڕانکاری دەنگ بدەن. بۆیەشە زۆر پێم باشە خەڵک دەنگ بە AfD بدەن."
 
رۆژی هەینی، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە نێو ماڵی ئەڵمانەکاندا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن پشتگیریی لە قسەکانی مەسک کرد و رەخنەی تووندی لە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا گرت، گوایە خواست و نیگەرانیی دەنگدەرانیان لە بارەی کۆچبەران پشتگوێ خستووە. دواتر ترەمپیش پشتیوانیی لە قسەکانی ڤانس کرد.  
 
ئەم پارتە کە ناوەکەی بە واتەی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دێت، پێشتر هەرگیز خۆی وا نەبینیوە. هەمیشە لە لایەن پارتەکانی دیکەوە وەک بزووتنەوەیەکی نامۆ و نابووت دەبینرا، خەڵکی ئەڵمانیا خۆپێشاندانی گەورەیان لەدژ دەکرد و سەرکردەکانی لەژێر چاودێریی دەزگا ئەمنییەکاندا بوون، بەڵام ئەم پێداهەڵدان و گرنگییەی ئێستا لە ئەمریکاوە پێی دەدرێت، وایکردووە پارتەکە لە خۆشترین رۆژەکانیدا بژیت و لە راپرسییەکاندا رێژەی دەنگەکانی بگاتە ئاستی پێوانەیی 20٪. 
 
کرستین برینکەر، سەرکردەی لقی بەرلینی پارتەکە دەڵێت: "کاتێکی خۆشە بۆ AfD، چونکە لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە پشتیوانییەکی گەورەمان لێ دەکرێت."
 
دەشڵێت: "ئەگەر دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و خەڵکی دەوروبەری ترەمپ بڵێن AfD باشە و دەتوانی کاری لەگەڵدا بکەی، ئەوا ئەوە باشترین شتە. پێموایە ئەوە دەرگای زیاتریشمان بۆ دەکاتەوە."
 
سڵاوە هیتلەرییەکە 
 
سەرکردەکانی AfD بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ترەمپ بانگهێشتکرابوون. لە هەمان رۆژدا، مەسک هاوشێوەی سڵاوی نازییەکان، دەستی بەرزکردەوە.
هەندێک گوتیان بە مەبەست وایکرد و هەندێکیش بە جووڵەیەکی بێمەبەست لێکیاندایەوە. 

 

 
مەسک رەتیدەکاتەوە مەبەستی لاساییکردنەوەی نازییەکان بووبێت، بەڵام زۆر لە رەخنەگرەکان بڕوای پێ ناکەن، لە نێویاندا ئەو چالاکڤانانەی وێنەی دەستبەرزکردنەوەکەی مەسکیان لەسەر دیواری کارگەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی تێسلا لە بەرلین بە لێزەر نیشاندا. 
 
کاتێک مەسک بە ڤیدیۆ قسەی بۆ کۆبوونەوە جەماوەرییەکی AfD کرد، پێیگوتن دەبێت شانازی بە کولتووری "هەزاران ساڵەی" خۆیانەوە بکەن و کەمتر هەست بە تاوانەکانی مێژوویان بکەن. 
 
ئەوە بە دڵی پارتەکە بوو. سەرکردەکانی پارتەکە داوایانکردووە کۆتایی بەو کولتووری خۆسەرزەنشتکردنە بهێنن کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە لە ئەڵمانیا دروستبووە. هەر ئەوە نا، بەڵکو شوێنی یادکردنەوەی هۆڵۆکۆستی بەرلین بە "مۆنۆمێنتی شەرمەزاری" وەسف دەکەن و دەڵێن پێویستە نەمێنێت. 
 
مەسک دەستی لە گاڵتەکردن بە سیاسەتڤانە میانڕۆکانی ئەڵمانیا نەپاراستووە. سیاسەتڤانەکانیش حەپەساون کە لە ئەمریکای هاوپەیمانی دێرینیانەوە، دژایەتییان دەکرێت. 
 
شۆڵتز هەوڵیداوە بێدەنگ نەبێت، لە نێویاندا لە بەرامبەر نیازی ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی گرینلاند کە بەشێکە لە دانیمارک. راوێژکارەکە هەوڵیداوە هەڵوێستێکی تووند لە بەرامبەر قسە و نیازەکانی ئیدارەی ترەمپ بنوێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، خۆی لە ئازارندن و تووڕەکردنی  ئیدارەی ترەمپ بەدووربگرێت. 
 
ترەمپ لە بنەڕەتدا زۆر لە ئەڵمانیا رازی نییە. گلەیی ئەوەی هەیە هاوپەیمانە ئەورووپییەکە وەک پێویست پارە بۆ ناتۆ تەرخان ناکات، هەروەها هێندەی شت بە ئەمریکا دەفرۆشێت، لێی ناکڕێت. هەڕەشەشی کردووە کە گومرگ وەک چەکووش بە ئابوورییە لاوازبووەکەی ئەڵمانیادا بکێشێت. 
 
فرێدریک مێرتز، سەرکردەی هەرە دیارە و هەرە لەپێشی پارێزگاران کە شانازی بە پاشخانەی بازرگانیی خۆیەوە دەکات، بەڵێنیداوە لەگەڵ ترەمپ قسە بکات. 
ئەو لەسەر ترەمپ  گوتوویەتی: "دیارە کە کەسێکی هەنگاو نادیارە." 
 
سیستمی پەروەردەی شێتانە 
 
لە کاتێکدا دامەزراوەی سیاسیی بەرلین بەهۆی ئەم وەشانەی ئیدارەی ترەمپەوە پەشۆکاوە، AfD لە کەیف و سەفادایە. 
 
ڤیدێڵ لە کاتی قسەکردنی لەگەڵ مەسک، گوتی پارتەکەی "بە شێوەیەکی نەرێنی" وەک گرووپێکی پەڕگیر پۆڵێنکراوە و پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ئەوان پارتێکی "پارێزگاری لیبڕالن."
 
هاوشێوەی مەسک، ڤیدێڵ سەرسامی و خۆشەویستیی خۆی بۆ ترەمپ دەربڕی و گوتی، لەسەر ئەوەی لە ئەڵمانیا وەک پێویست بایەخ بە قسەکانی سەرۆکە کۆمارییەکە نەدراوە، "ئازاری زۆر"ی چەشتووە. 
 
مەسک و ڤیدێڵ دژایەتیی خۆیان بۆ بیرۆکراسییەت و "سانسۆری ئینتەرنێت" لە ئەڵمانیا دەربڕی و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە سیستمی پەروەردەی وڵاتەکە "شێتانە، چەپڕۆ و سۆسیالیست"ـە و دەبێت بگۆڕدرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP

ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست