رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر جەنگە شەش هەفتەییەکەی ئەرمینیا لەگەڵ ئازەربایجاندا تێپەڕیوە، کە بەهۆیەوە ئەرمینیا 75%ی هەرێمی قەرەباخی لەدەستدا. هاوکات، زیاتر لە چوار مانگە رێڕەوی لاچین، کە تەنیا رێگەیە ئەرمینیا بە قەرەباخەوە دەبەستێتەوە، لەلایەن باکووەوە بلۆک کراوە؛ بەشێک لە ئەرمەنییەکانیش داوا دەکەن ببنە هاوپەیمانی ئەوروپا و ئەمریکا.
ئەرمەنییەکان خەمساردیی رووسیای هاوپەیمانیان بە هۆکاری لەدەستدانی ئەو رووبەرەی قەرەباخ و بلۆککرانی رێڕەوی لاچین سەیر دەکەن و دەڵێن، هەرچەندە 30 ساڵە ئەرمینیا و رووسیا ئەندامی هەمان رێکخراوی هاوپەیمانیی ئاسایشی پێکەوەیین، بەڵام مۆسکۆ چاوپۆشی لە داگیرکاریی ئازەربایجان و تورکیای هاوپەیمانی بۆ سەر قەرەباخ کردووە و هیچ هاوکارییەکی سەربازیی نەداوەتە ئەرمینیا.
ڤیگن ئاکۆپیان، توێژەری سیاسی دەڵێت، "دوای 44 رۆژ شەڕ لە ساڵی 2020 و دوای دوو ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو راستییە ناخۆشەدا، راپرسییە کۆمەڵایەتییەکان ئەوە نیشاندەدەن، متمانەکردن بە رووسیا لە نزمترین ئاستیدایە لە مێژووی 30 ساڵەی سەربەخۆبوونی ئەرمینیادا."
رووسیا لە 2020دا ئەرمینیا و ئازەربایجانی بە ئاگربەست رازی کرد. دواتریش نزیکەی 2000 سەربازی لە سنووری قەرەباخ و ئازەربایجان جێگیرکرد، کە رۆڵیان هەیە لە پاراستنی ئاشتی؛ بەڵام ئەرمەنییەکان باس لەوە دەکەن، ئەو هێزە رەنگدانەوەی ئەو تایبەتمەندییانە نەبووە.
ئارپین ماداریان، هاووڵاتیی ئەرمەنی دەڵێت، "نابێت ئێمە لە پەنای هاوڕێی وەکو ئەوانەدا بمێنینەوە، چونکە بێ سوودە. هیچ بۆ ئەرمینیا نەکراوە لەوێ. کەس نایەوێت یارمەتیمان بدات."
هاووڵاتییان باس لەوەش دەکەن، ئەرمینیا دەبێت هەوڵی خۆدانە پاڵ ئەمریکا و ئەوروپا بدات، چونکە لەدوای هێرشکردنە سەر ئۆکراینا رووسیا چیدیکە هاوپەیمانێکی جێگەی باوەڕ نییە؛ دەیانەوێت وەکو وڵاتانی ئەندامی پێشووتری یەکێتیی سۆڤیەت هەنگاوەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی سەربازی و پەیوەندیی دیپلۆماسی، رووەو رۆژئاوا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ