رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی بەمزووانە، تەنانەت لە درەنگی رۆژی شەممەشدا، ئێران رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا پەسند بکات".
ئەم لێدوانەی مارکۆ روبیۆ هاوکاتە لەگەڵ قسەکانی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە گوتبووی تاران هەست بە "مەیلی لێکنزیکبوونەوە" دەکات لەگەڵ ئەمریکادا.
ئەم پێشهاتەش دوای سەردانەکەی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان بۆ تاران دێت، کە وڵاتەکەی نێوەندگیری بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، دانوستاندنەکان پێشکەوتنیان بەخۆیەوە بینیوە، بێ ئەوەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە رەت بکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکەمین سەردانیدا بۆ هیندستان، لە نیودەلهی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "رەنگە درەنگی ئەمشەو هەواڵی نوێمان هەبێت و رەنگەش نەبێت. هیوادارم هەواڵی نوێ هەبێت."
هەروەها گوتیشی: "هەندێک پێشکەوتن بەدەستهاتووە. هەر ئێستا کە قسەتان لەگەڵ دەکەم، کار لەسەر ئەم پرسە دەکرێت. دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی شتێکمان هەبێت بیڵێین، چ درەنگانی ئەمڕۆ بێت، یان سبەی، یانیش لە چەند رۆژی داهاتوودا."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ دووپاتیکردەوە کە ئەمریکا داوا دەکات ئێران بەتەواوی تەنگەی هورمز بکاتەوە، هەروەها داواش دەکات تاران یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی رادەست بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی ئەمریکا "هەمیشە پێی باشە کێشەکانی لەم شێوەیە لە رێگەی چارەسەری دیپلۆماسی و دانوستاندنەوە چارەسەر بکات. ئێستاش کار لەسەر ئەمە دەکەین." جەختیشی لەوە کردەوە کە "هەروەک سەرۆک روونیکردووەتەوە، درەنگ یان زوو ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ