رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران خەریکە دەگەنە ئەنجام و زۆر نزیکبوونەتەوە لە واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بەڵام هاوکات هەڕەشەی تووندیش دەکات ئەگەر نەگەنە رێککەوتن.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس (CBS) گوتی، "زۆر نزیک بووینەتەوە لە رێککەوتن."
کاتێک لێیان پرسی وردەکاریی رێککەوتنەکە چییە؟ گوتی: "رۆژ بە رۆژ شتەکان باشتر دەبن. ناتوانم وردەکارییەکان بە ئێوە بڵێم پێش ئەوەی بە خۆیانی بڵێم."
ترەمپ دڵنیایی دا کە رێککەوتنی کۆتایی رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "ئەگەر وا نەبێت، هەر باسی رێککەوتنیشم نەدەکرد." دەشڵێت چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو یۆرانیۆمەی ئێران پیتاندوویەتی دەدۆزنەوە و گوتیشی: "تەنیا کاتێک واژۆ لەسەر رێککەوتننامە دەکەم کە هەموو ئەوەی دەمانەوێت تێیدا بەدەستبهێنین."
سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەیەکی تووندیشی کرد و گوتی: "ئەگەر نەگەینە رێککەوتن، ئەوا دۆخێک دروستدەبێت کە هیچ وڵاتێک هێندەی ئەوان بە سەختی لێی نەدراوە."
لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس، ترەمپ گوتی: "ئەگەرەکە پەنجا بە پەنجایە؛ یان رێککەوتنێکی باش دەکەین، یانیش هەموو شتێکیان لێ وێران دەکەین." پێشتریش هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت "شارستانییەتێک بەتەواوی لەنێودەچێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر رێککەوتنەکە، ترەمپ گوتی کە نەتەنیاهوو "دوودڵە"، بەڵام رەتیکردەوە نیگەران بێت لەوەی ئەمریکا رێککەوتنێکی خراپ بکات. ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن نەتەنیاهوو زۆر نیگەرانە و داوای لە ترەمپ کردووە دەست بە هێرشکردن بکاتەوە.
وردەکاریی رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە:
بەپێی زانیارییەکان، ئەو رێککەوتنەی ئێستا باسی لێ دەکرێت، کە جۆرێکە لە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی، ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
1 - کردنەوەی تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا (بێ وەرگرتنی باج).
2- هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران.
3- ئازادکردنی بەشێک لەو پارانەی ئێران کە لە بانکەکانی دەرەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
4- درێژکردنەوەی ماوەی دانوستاندن بە 30 بۆ 60 رۆژی دیکە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
رۆڵی وڵاتانی دیکە
عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان کە رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت، دوای چەند کۆبوونەوەیەک لە تاران گەڕایەوە و رایگەیاند کە "پێشکەوتنی هیوابەخش" هەیە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هیندستانەوە رایگەیاند، پێشکەوتنی باش هەیە و رەنگە لەم چەند رۆژەدا هەواڵی باشیان هەبێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئێران دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت و تەنگەی هورمزیش بێ باج و رسوومات بکرێتەوە.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، وڵاتانی وەکو قەتەر، میسر، تورکیا، سعودیە و پاکستان بەردەوام لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ ئەمریکا و ئێران بۆ ئەوەی خاڵە ناکۆکەکان چارەسەر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ