رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران یان تەقاندنەوەیان 50 بە 50یە.
بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ لەگەڵ دانوستاندنکارەکانی کۆببێتەوە و تاوتوێی وەڵامی ئێران بکەن بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا.
رۆژی شەممە 23-05-2026، ترەمپ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس رایگەیاند، رۆژی شەممە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین وەڵامی ئێران. پێشبینی دەکرێت جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکیش بەشداری بکات.
عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان کە نێوەندگیریی لەنێوان لایەنەکاندا کردووە، رۆژی شەممە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و هەوڵدان بۆ گەیشتنە رێککەوتنێک، تارانی بەجێهێشت. کۆبوونەوەکە هیچی لێ سەوز نەبوو، بەڵام پاکستان رایگەیاند "پێشکەوتن بەرەو تێگەیشتنێکی کۆتایی" هەبووە.
ئەو رەشنووسە نوێیەی لێکتێگەیشتنەکە کە ترەمپ بەنیازە رۆژی شەممە پێداچوونەوەی بۆ بکات، لە دانوستاندنەکانی ئێران و پاکستانەوە بەرهەم هاتووە.
ترەمپ رایگەیاندووە، تەنیا رێککەوتنێک قبووڵ دەکات کە پرسەکانی وەک پیتاندنی یۆرانیۆم و چارەنووسی کۆگەی ئێستای یۆرانیۆمی ئێران بگرێتەوە.
ئەکسیۆس دەڵێ، ئەگەری نییە ئەو پرسانە بە وردی لەو یاداشتەدا یەکلایی بکرێنەوە کە ئەمریکا و ئێران گفتوگۆی لەسەر دەکەن. بەپێی ئەو پێشنیازە، هەردوولا لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و پابەندبوون بە 30 رۆژی دیکەی دانوستاندن رێکدەکەون.
ترەمپ گوتی: "پێموایە یەکێک لەو دوو شتە روودەدات: یان گورزێکیان لێدەدەم کە لە ژیانیاندا گورزی وایان بەرنەکەوتبێت، یان رێککەوتنێک واژۆ دەکەین کە باش بێت."
سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا، "هەندێک کەس رێککەوتنیان زۆر پێ باشترە و هەندێکی دیکە پێیان باشترە جەنگ دەستپێبکاتەوە،" بەڵام ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل "نیگەران" بێت لەوەی رەنگە رێککەوتنێک بکات.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە رایگەیاند، "هەندێک پێشکەوتن" لە گفتوگۆکاندا هەبووە و "رەنگە ئەمڕۆ یان چەند رۆژێکی دیکە شتێک هەبێت بیڵێین."
روبیۆ دووپاتیکردەوە، نابێت ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمیی هەبێت و دەبێت واز لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی بهێنێت، هەروەها تەنگەی هورمز پێویستە "بەبێ باج" بە تەواوی بکرێتەوە.
تاوەکو ئێستا، هەڵوێستەکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر هەردوو پرسی ئەتۆمی و تەنگەکە، دژیەکن و رەنگە تەنانەت ئەگەر یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەش واژۆ بکرێت، بە تەواوی یەکلایی نەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ