راپۆرتێک: ئەمریکا و ئێران لەسەر رەشنووسێک رێککەوتوون و یەکشەممە رایدەگەیێنن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممە، هەریەک لە ئەمریکا، ئێران و پاکستان رایانگەیاند، لە دانوستاندنەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگە سێ مانگییەکە، پێشکەوتنێکی باش بەدەستهاتووە. ئیسلامئاباد رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت.
 
سوپای پاکستان دەڵێت گفتوگۆکان ئەنجامی "هیوابەخشیان" هەبووە، دوای ئەوەی عاسم مونیر، سوپاسالاری وڵاتەکە لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆبووەوە و پاشان گەڕایەوە. 
 
بە گوتەی دوو سەرچاوەی پاکستانی کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، ئەو رێککەوتنەی ئێستا قسەی لەسەر دەکرێت "بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، رێککەوتنێکی گشتگیر و باشە."
 
رۆژنامەی واشنتن تایمزی ئەمریکیش لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە باس لەوە دەکات، ئێران و ئەمریکا رۆژی شەممە لەسەر رەشنووسێک رێککەوتوون و بڕیارە رۆژی یەکشەممە بە فەرمی رێککەوتنی خۆیان رابگەیێنن. 
 
وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە:
 
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، رەشنووسی رێککەوتنەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت:
 
1- کۆتاییهێنان بە جەنگ: بە فەرمی راگەیاندنی کۆتاییهاتنی جەنگ و وەستاندنی هێرشەکان لەنێوان هەردوولا.
 
2. چارەسەرکردنی کێشەی تەنگەی هورمز: کردنەوەی ئەو رێڕۆ ئاوییە گرنگە بەڕووی کەشتییەکاندا و هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران.
 
3. دەستپێکردنی دانوستاندنی نوێ: دیاریکردنی ماوەی 30 رۆژ بۆ ئەوەی هەردوولا بچنە نێو دانوستاندنی قووڵترەوە لەسەر کێشە گەورەکانی وەک پرسی ئەتۆمی، کە دەکرێت ئەم ماوەیە درێژیش بکرێتەوە.
 
رۆیتەرز دەڵێت، ئەگەر هەردوولا لەسەر ئەم رەشنووسە رازی بن، ئەوا راستەوخۆ دوای جەژنی قوربان (کە رۆژی هەینی کۆتایی دێت)، دانوستاندنە نوێیەکان دەستپێدەکەن. سەرچاوەکە بە واشنتن تایمزی راگەیاندووە، هەردوولا رازی بوون و تەنیا راگەیاندنی رێککەوتنەکە ماوە.  
 
مەرجەکانی ئەمریکا و ئێران:
 
• ئەمریکا چی دەوێت؟ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مەرجەکانی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە: نابێت ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی هەبێت، دەبێت یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی رادەست بکات و دەبێت تەنگەی هورمزیش بێ وەرگرتنی هیچ باج و رسووماتێک بکرێتەوە.
 
• ئێران چی دەوێت؟ تاران دەڵێت مافی خۆیەتی بۆ مەبەستی ئاشتییانە یۆرانیۆم بپیتێنێت و هیچ مەبەستێکی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە. لە بەرامبەریشدا داوا دەکات سەرپەرشتیی تەنگەی هورمز بکات، ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی هەڵبگرێت و سزای سەر فرۆشتنی نەوتەکەی لاببات. هەروەها ئێران دەیەوێت کۆتایی بەو شەڕەش بهێندرێت کە ئێستا لە لوبنان لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵادا هەیە.
 
هەڕەشەکانی ترەمپ و ئامادەکارییەکانی ئێران
 
دۆناڵد ترەمپ کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە لەنێوخۆی ئەمریکا رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، رۆژی یەکشەممە بڕیاری کۆتایی دەدات کە ئایا شەڕ دەستپێدەکاتەوە یان رێککەوتن دەکات. ترەمپ دەڵێت: "یان رێککەوتنێکی باش دەکەین، یانیش رەوانەی دۆزەخیان دەکەم."
 
بۆ ئەم مەبەستەش، ترەمپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە، قەتەر، ئیمارات، ئوردن، میسر، تورکیا و پاکستان کرد.
 
لە بەرامبەردا، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە سەرۆکایەتیی تیمی دانوستاندکارانی ئێرانی کردووە، دەڵێت ئەوان هەرگیز متمانەیان بە ئەمریکا نییە، چونکە لایەنێکن "هیچ راستگۆییەکیان تێدا نییە." قالیباف هۆشداریشی دا کە لە ماوەی ئاگربەستەکەدا هێزەکانیان خۆیان رێکخستووەتەوە و ئەگەر ئەمریکا بە "گەمژەیی" شەڕ دەستپێبکاتەوە، ئەوا وەڵامی ئەمجارەیان زۆر قورستر و تاڵتر دەبێت.
 
سەرەڕای ئەوەی چەندین هەفتەیە شەڕ بەردەوامە، بەڵام ئێران توانیویەتی کۆگاکانی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی، مووشەکەکانی، درۆنەکانی و هێزە هاوپەیمانەکانی (وەک حیزبوڵڵا) بپارێزێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ: رێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر نزیکە.. ئەگەرنا گورزێکی زۆر کوشندەیان لێدەدەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران خەریکە دەگەنە ئەنجام و زۆر نزیکبوونەتەوە لە واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بەڵام هاوکات هەڕەشەی تووندیش دەکات ئەگەر نەگەنە رێککەوتن.