رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی دانیمارک دوو کەسی لەسەر بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز سزادا کە یەکێکیان سەرکردەی پارتێکی سیاسیی دژە ئیسلامە.
دادگەکە رۆژی هەینی بڕیاری دا کە هەر یەکەیان دەبێت هەزار و 500 دۆلار پێبژاردن وەک سزای تاوانەکەیان بدەن.
بە گوێرەی دادگەکە، ئەو دوو پیاوە یاسای قەدەخەکردنی مامەڵەی ناشیاویان بەرامبەر دەقە ئایینییەکان پێشێلکردووە کە لە کۆتایی ساڵی 2023ـەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
یاساکە دوای ئەوە نووسرا کە خۆپێشاندانی بەرفراوان لە چەندین ناوچەی جیهان دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە دانیمارک و سوێد کران.
دادگە دانیمارکییەکە دەڵێت، یەکێک لە تاوانبارەکان کە لەدایکبووی ساڵی 1988ـە، لاپەڕەکانی کۆپییەکی ئینگلیزیی قورئانی پیرۆزی دڕاندبوو و دواتر فڕێیدابووە نێو چاڵێکی پڕ لە ئاو.
رووداوەکە لە پەڕەی فەیسبووکی پارتی سترام کورسی دژە ئیسلام راستەوخۆ پەخشکرابوو.
تاوانباری دووەم کە سزادراوە، ناوی راسموس پالودانە کە سەرۆکی پارتە تووندڕۆکەیە.
پالودان دانی بەودا نا کە ستایشی تاوانەکەی کردووە.
دادگەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی هەردوو سزادراو پێکەوە تاوانەکەیان کردووە.
یاسای دانیمارک هەموو مامەڵەیەکی ناشیاو دژە دەقە ئایینییەکان قەدەخە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ