رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ دەڵێن، بە تۆمەتی هاندانی کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لێپچینەوە لەگەڵ جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووتری FBI دەکەن.
رۆژی 15ی ئایار، کۆمی وێنەیەکی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە، کە کۆمارییەکان و لایەنگرانی ترەمپ دەڵێن، پەیامێکی نهێنییە و هانی کوشتنی ترەمپ دەدات.
لە وێنەکەدا کە لە کەنار دەریا گیراوە، کۆمی چەند سەدەفێک کە بریتین لە زیندەوەری توێکڵداری بچووکی دەریایی، لەسەر شێوەی ژمارەی 8647 ریز کردوون.
هاوپێچ لەگەڵیدا نووسیبووی، "شێوەیەکی جوانی سەدەفەکان لەکاتی پیاسەکردنم لە کەنار دەریا."
دوای ئەوەی کە تووڕەیی فراوانی بەدوادا هات، بەڕێوەبەری پێشووی FBI پۆستەکەی خێرا سڕییەوە، بەڵام کار لەکار ترازابوو، چونکە هەر ئەو کات بە بەربڵاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوببووەوە و لەلایەن رەخنەگرانەوە وەکو پەیامێکی نهێنی بۆ کوشتنی سەرۆک لێکدرایەوە.
لێکدانەوەکان بۆ مانای ژمارە 8647 چین؟
سەرچاوەی تۆمەتەکان ئەو لێکدانەوانەیە کە بۆ ژمارە 8647 دەکرێن.
بەگوێرەی ژمارەیەک سەرچاوە، لەنێویاندا فەرهەنگی مەریەم وێبستەر، 86 ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بە واتای لەکۆڵکردنەوە، دەرکردن، لابردن یان کوشتن. ژمارە 47یش بە ئاماژەیەک بۆ ترەمپ لێکدراوەتەوە کە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکایە.
رەخنەگران، لەنێویاندا کوڕە گەورەکەی ترەمپ، کە ناوی دۆناڵد ترەمپ جونیەرە، هەروەها کریستی نۆم، وەزیری ناوخۆ و تولسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێن، پۆستەکە هاندانێکی مەبەستدارە بۆ کوشتنی سەرۆکی ئەمریکا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پێشتر لە ساڵی 2024 لە دوو هەوڵی کوشتن رزگاری بوو، کە دیارترینیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو لە ناوچەی بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا، کە گوللـەیەک بە گوێیدا خشا و چەند ملـلیمەترێکی مابوو کۆتایی بە ژیانی بهێنێت.
ترەمپ خۆیشی کۆمیی تۆمەتبار کرد بەوەی ویستوویەتی هانی کوشتنی بدات و پێی وایە، کۆمی "باش دەیزانی واتای ئەوە چییە" و پۆستەکەی بە "شتێکی زۆر خراپ" ناوبرد.
بەشێکی بەرپرسانی کۆشکی سپیش پۆستەکەیان بە "بانگکردنی تیرۆریستان" ناوبرد.
وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی کاروباری نهێنی کە یەکێک لە ئەرکەکانی بریتییە لە پاراستنی سەرۆک، دەستی بە لێکۆڵینەوە لە کۆمی کرد.
وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، بە تۆمەتی دروستکردنی "هەڕەشە" بۆ سەر ژیانی ترەمپ، لێپێچینەوە لەگەڵ کۆمی دەکەن.
بەڵام کۆمی رەتیکردەوە مەبەستی تووندوتیژی بووبێت و لە راگەیێندراوێکدا گوتی، نەیزانیوە ژمارەی 8647 پەیوەندی بە تووندوتیژییەوە هەیە و جەختیکردەوە کە دژی هەر جۆرە تێکدانکارییەکە.
میدیای ئەمریکی باس لەوە دەکات، دەکرێت بە مەبەستی سیاسی هەڵمەتەکە دژی کۆمی گەورە کرابێت، چونکە پێشتریش ژمارە 86 لە ململانێی سیاسیی ئاشتییانەدا بەکارهێندراوە، بۆنموونە لە کاتی داواکردنی لێپرسینەوە و لەکارلادانی جۆ بایدن ژمارە 8646 دەنووسرا.
تۆمەتەکان رەنگدانەوەی مێژووی تەنگژەداری نێوان کۆمی و ترەمپە.
لە ساڵانی 2016 و 2017، کۆمی سەرپەرشتیی لێکۆڵینەوەی FBI لە پەیوەندیی نێوان ترەمپ و رووسیادا کرد. ترەمپ و لایەنگرانی پێیان وابوو لێکۆڵینەوەکە بێبنەما و ناڕەوایە. ترەمپ لە ئایاری 2017 کۆمیی لە کارەکەی لادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ