رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی دانیمارک دەڵێ، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووەتە "کێشە"؛ جەخت لەوەش دەکاتەوە کە گوشار دەخاتە سەر ئیسرائیل جەنگی غەززە بوەستێنێت.
رۆژی شەممە، 16ـی ئابی 2025، مێتێ فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک لە هەڤپەیڤینێکدا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "نەتەنیاهوو کێشەیە"؛ ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی ئیسرائیل "زۆر لە سنوور دەرچووە."
سەرکوەزیرانی دانیمارک رەخنەی تووندی لە دۆخی مرۆیی "تەواو مەترسیدار و کارەساتبار"ی غەززە گرت و گوتی: "یەکێکین لەو وڵاتانەی دەمانەوێ گوشار لەسەر ئیسرائیل زیاد بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتگیریی ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپامان بەدەستنەهێناوە."
فرێدریکسن رایگەیاند، دەیەوێ بیر لە "گوشاری سیاسی" دژی وەزیرەکانی ئیسرائیل یان ئەو جووانە بکاتەوە کە لە کۆمەڵگە جوونشینە نایاساییەکان نیشتەجێ کراون.
فرێدریکسن گوتی: "هەروەک چۆن لەگەڵ رووسیا کردمان، سزاکان بە جۆرێک دادەڕێژین کە ئەو شوێنانە بکەنە ئامانج زۆرترین کاریگەرییان دەبێ."
جەنگی غەززە دوای هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماس دەستیپێکرد کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیل.
لە وەڵامدا، ئیسرائیل تاوەکو ئێستا زیاتر لە 61 هەزار کەسی لە کەرتی غەززە کوشتووە.
لەکاتێکدا ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە غەززە بەردەوامە، یەکێتی ئەورووپا لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە. هەندێک لە ئەندامەکانی دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە، لەنێویاندا دانیمارک، گوشار بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەکەن.
دانیمارک و ئیسرائیل لە ساڵی 1949ـەوە پەیوەندی دیپلۆماسییان هەیە. لە کاتێکدا دانیمارک دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نەناوە، پشتگیری لە هەوڵەکانی یەکێتیی ئەورووپا دەکات بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ