پووتین داوا دەکات لووتکەی داهاتوو لە مۆسکۆ بەڕێوەبچێت

16-08-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی داهاتووی ترەمپ و زیلینسکییە.
چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی داهاتووی ترەمپ و زیلینسکییە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خەڵکی ئۆکراینا چاویان لەسەر هەنگاوەکانی بەرپرسانی وڵاتەکە و مۆسکۆیە بۆ قۆناخی داهاتووی جەنگی نێوانیان. ئەوەش دوای ئەوەی لووتکەی ترەمپ و پووتین تروسکاییەکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دروستکرد.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین گوتی، "نزیکەی سێ کاژێر بەیەکەوە بووین و کۆبوونەوەیەکی زۆر چڕمان کرد. لەسەر ژمارەیەک خاڵ رێککەوتین. یەک بۆ دوو خاڵی گرنگ ماون، بەڵام پێم وابێت دەتوانرێ رێککەوتنیان لەسەر بکرێ. ئەمەش کەوتووەتە سەر سەرۆک زیلینسکی بۆ ئەوەی رێککەوتنیان لەسەر بکرێت."
 
رووسیا و ئەمریکا کۆبوونەوەکەیان بە بەرهەمدار ناوبرد. پووتین داوای کرد کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەی لە مۆسکۆ بەڕێوەبچێ، ترەمپیش بە ئەرێنی وەڵامی دایەوە.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکاری کۆتاییهێنان بە جەنگ.
 
بە گوتەی زیلینسکی، ترەمپ وردەکاری ئەو خاڵە سەرەکییانەی پێگوتووە کە لەگەڵ پووتین گفتوگۆی لەسەر کردوون، بەڵام وڵاتانی ئەورووپا بە گشتیی و رۆژهەڵاتی کیشوەرەکە بەتایبەتی نیگەرانییان هەیە.
 
رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کرد، "هەردوو سەرۆک هەنگاوێکی گەورەیان لە ئەلاسکا نا. ئەمە پرۆسەیەکە و لە هەمان کاتدا تەڵەیەکی گەورەیە بۆ یەکێتیی ئەورووپا. رۆژانی داهاتوو پیشانی دەدەن ئایا هێزە گەورەکانی یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتی پرۆسەکە و کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەن یان نا".
 
بۆ رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییە، ترەمپ و زیلینسکی داوای بەشداری وڵاتانی ئەورووپا لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا لە ئەگەری بەڕێوەچوونیان دەکەن.
 
یەکێتیی ئەورووپاش هەمان داواکاری لە راگەیێندراوێکدا کرد و داوای کرد تاوەکو گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆکراینا، گوشارەکان لەسەر رووسیا بەردەوام بن.
 
سیر لاوری بریستۆو، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە رووسیا باسی لەوە کرد، "کۆبوونەوەکە شتێکی بۆ سەرۆک ترەمپ بەرهەمنەهێنا. بەڕێز پووتین توانی ئەو پەراوێزخستنە نێودەوڵەتییە بشکێنێت کە لەسەری بوو و لەسەر سەکۆیەکی جیهانی دەرکەوت".
 
پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پووتین، چارەنووسی خاکی کۆنترۆڵکراوی ئۆکراینا لەلایەن رووسیا، پرسی بە ئەندامبوونی کیێڤ لە ناتۆ و ئاسایشی ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا گەورەترین بەربەستی بەردەم ئاگربەست بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە