رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەردوو سەرۆکی رووسیا و ئۆکراینا، ڤلادیمیر پووتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، دەیانەوێت "منیش ئامادەی کۆبوونەوەیەکی داهاتوو بم" لە نێوانیاندا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێگەیەک بەرەو ئاشتی.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "هەردووکیان دەیانەوێت من لەوێ بم" و جەختی کردەوە، "منیش لەوێ دەبم."
کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا دڵنیایە لەوەی ئاشتی دەتوانێت لە ماوەیەکی تاڕادەیەک کورتدا رووبدات، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، "تاڕادەیەک کورت، بەڵێ."
ترەمپ هەروەها دانی بەوەدا نا، هەڵە بووە کاتێک پێیوابووە ململانێی رووسیا و ئۆکراینا "ئاسانترینی" هەموو ململانێکان دەبێت بۆ چارەسەرکردن، کە ئاماژەیەک بوو بۆ بەڵێنەکەی کاتی هەڵبژاردن کە گوتبووی لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "پێموابوو ئەمە ئاسانترینی هەموویان دەبێت، بەڵام سەختترینیان بوو."
پێشکەوتن هەیە، بەڵام رێککەوتن لەسەر ئۆکراینا نەکرا
دوای نزیکەی 3 کاژێر لە گفتوگۆی لووتکەی نێوانیان؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە ئەلاسکا ئاماژەیان بە "پێشکەوتن" و بووژانەوەی "هاوڕێیەتی" کرد، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی، بەتایبەتی لەسەر ئاگربەست لە ئۆکراینا، رانەگەیێندرا.
ترەمپ، کە پێشتر خۆی وەک مامۆستای رێککەوتنەکان ناساندبوو، لە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەلاسکا پێشوازییەکی گەرمی لە پووتین کرد، کە ئەمە یەکەمجار بوو سەرۆکی رووسیا لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 پێ بنێتە سەر خاکی رۆژئاوا.
دوای کۆبوونەوەکە، ترەمپ و پووتین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی کورتدا کە تەنیا 12 خولەکی خایاند، قسەیان کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیان نەدایەوە، کە ئەمە هەنگاوێکی نامۆ بوو بۆ سەرۆکی ئەمریکا.
قسەی گشتی و بەڵێنی دڵخۆشکەر
ترەمپ رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان هەبوو و لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتین." بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات، گوتی، "تەنیا چەند خاڵێکی زۆر کەم ماون، هەندێکیان ئەوەندە گرنگ نین، یەکێکیان رەنگە گرنگترین بێت. بەڵام چانسێکی زۆر باشمان هەیە بۆ گەیشتن پێی. نەگەیشتینە ئەوێ، بەڵام چانسێکی زۆر باشمان هەیە."
لەلایەن خۆیەوە، پووتین بەگشتی باسی لە هاوکاری کرد و گوتی، "هیوادارین ئەو تێگەیشتنەی پێی گەیشتووین، رێگە بۆ ئاشتی لە ئۆکراینا خۆش بکات."
کاتێک ترەمپ باسی لە ئەگەری کۆبوونەوەیەکی دیکە کرد، پووتین بە بزەیەکەوە و بە زمانی ئینگلیزی گوتی: "جاری داهاتوو لە مۆسکۆ."
پێشوازیی گەرم و نمایشێکی سەربازی
ترەمپ پێشوازییەکی تایبەتی لە پووتین کرد و لەکاتی دابەزینی لە فڕۆکەکە، چەپڵەی بۆ لێدا. هاوکات فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی جۆری B-2 بە ئاسمانی بنکەکەدا نمایشێکی کرد. لەو کاتەدا، دەنگی رۆژنامەڤانێک دەبیسترا کە هاواری دەکرد: "ئایا واز لە کوشتنی خەڵکی سڤیل دەهێنیت؟"
پووتین بەبێ گوێدانە ئەوە، بە روویەکی گەشەوە دەرکەوت و ترەمپ لە هەنگاوێکی دەگمەندا، یاوەریی کرد بۆ نێو ئۆتۆمبێلە تایبەت و پارێزراوەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بە "The Beast" ناسراوە.
هۆشداریی پووتین و ستایشی ترەمپ
پووتین لە قسە کورتەکانیدا هۆشداریی دایە ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا کە "هیچ بەربەستێک دروست نەکەن" و "هەوڵی تێکدانی ئەم پێشکەوتنە نوێیە لە رێگەی وروژاندن یان فێڵی پشت پەردەوە نەدەن."
هەروەها سەرۆکی رووسیا ستایشی ترەمپی کرد و گوتی هاوڕایە لەگەڵیدا کە ئەگەر ترەمپ لەبری جۆ بایدن سەرۆک بووایە، جەنگی ئۆکراینا رووی نەدەدا. لە بەرامبەردا، ترەمپ جارێکی دیکە سکاڵای لە "فێڵی" دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی 2016 کرد.
لووتکەکە دوای ئەوە هات کە ترەمپ هەفتەیەک لەمەوبەر بانگێشتی پووتینی کردبوو. پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو ئامانجی سەرەکیی "هێنانی هەردوولایە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ" و هۆشداریی دابوو کە ئەگەر کۆبوونەوەکە باش نەبێت "جێیدەهێڵێت."
سەرەڕای ئەوەی کۆشکی سپی پێشتر رایگەیاندبوو، ترەمپ بە تەنیا لەگەڵ پووتین کۆدەبێتەوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی یاوەرییان دەکرد.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کە بانگێشتی لووتکەکە نەکرابوو، رایگەیاندبوو "پشت بە ئەمریکا دەبەستن." دوای کۆتاییهاتنی لووتکەکە، ترەمپ هیچ ئاماژەیەکی بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەگەڵ زیلینسکی نەکرد و راستەوخۆ گەڕایەوە واشنتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ