پووتین: گفتوگۆکانمان لەگەڵ ترەمپ بونیادنەرانە و لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە بوون

16-08-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەلاسکا رایگەیاند، گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، "بونیادنەرانە و لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە" بوون.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ بانگهێشتکردنی بۆ ئەمریکا و وەکو "دراوسێیەکی نزیک" وەسفی کرد.
 
گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ دوای زیاتر لە دوو کاژێر و نیو کۆتاییان هات. سەرکردەکان لە کۆبوونەوەیەکی سێ بە سێدا لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانیان لە لووتکەیەکی گرنگدا لە ئەلاسکا کۆبوونەوە.
 
دوای کۆبوونەوە نزیکەی سێ کاژێرییەکەیان، نە ترەمپ و نە پووتین وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیان نەدایەوە دوای پێشکێشکردنی چەند لێدوانێکی کورت. پووتین گوتی، هەردوو سەرکردە گەیشتوونەتە "تێگەیشتنێک،" بەڵام هیچ کامیان وردەکاریی زیاتریان نەخستەڕوو.
 
بۆ پووتین، لووتکەیەک لەگەڵ ترەمپ دەرفەتێکی لەمێژینە بوو، بۆئەوەی هەوڵی دانوستاندن بدات لەسەر رێککەوتنێک کە دەستکەوتەکانی رووسیا بچەسپێنێت و رێگری لە هەوڵی کیێڤ بکات بۆ چوونە نێو هاوپەیمانیی سەربازیی ناتۆ.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کە لە لووتکەکەدا بەشدار نەبوو، رۆژی هەینی لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا، پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان، هیوای خواستبوو "هەڵوێستێکی بەهێز لە ئەمریکا" ببینێت.
 
ترەمپ باسی "پێشکەوتنی گەورە" دەکات
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پێشکەوتنی گەورە" لە گفتوگۆ گرنگەکانیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی جەنگی ئۆکراینا بەدەستهاتووە، بەڵام هیچ کام لە سەرکردەکان وردەکاریی دیاریکراویان لەبارەی رەوتی داهاتووی جەنگەکەوە نەخستەڕوو.
 
ترەمپ گوتی، "لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتن کراوە" و تەنیا "چەند خاڵێکی زۆر کەم" ماون. هەروەها بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بەم زووانە لەگەڵ سەرکردە ئەورووپییەکان و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا قسە دەکات.
 
پووتین گوتی، هەردوو سەرکردەکە گەیشتوونەتە "تێگەیشتنێک"، بەڵام هیچ کامیان وردەکاریی زیاتریان لەبارەی داهاتووی ئۆکرایناوە نەدا.
 
هاوپەیمانەکانی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەکو دانوستاندنکارێکی بەهێز وەسف دەکەن، کە دەتوانێت رێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتارەکە بدۆزێتەوە. ترەمپ پێشتر هەڕەشەی "دەرەنجامی زۆر تووندی" کردبوو، ئەگەر پووتین دوای لووتکەکە بە راگرتنی جەنگ رازی نەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە