رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ ئێستا واز لە سەپاندنی سزای زیاتر یان هەر "دەرەنجامێکی تووندی" دیکە بەسەر رووسیادا دەهێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین "زۆر باش بەڕێوەچوو."
رۆژی هەینی 15-08-2025 ترەمپ لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز گوتی: "بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ روویدا، پێموانییە ئێستا پێویست بکات بیر لەوە بکەمەوە."
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە بڕیارێکی هەمیشەیی نییە و گوتی: "رەنگە دوای دوو یان سێ هەفتەی دیکە، یان شتێکی لەو جۆرە، ناچار بم بیری لێبکەمەوە، بەڵام پێویست ناکات هەر ئێستا بیر لەوە بکەینەوە."
پێشتر، ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای تووندی بەسەر رووسیادا کردبوو بۆ ئەوەی گوشار لەسەر پووتین دروست بکات تاوەکو جەنگی ئۆکراینا رابگرێت، بەڵام دوای ئەوەی پووتین رازی بوو بە کردنی دیدارێکی رووبەڕوو لە ئەلاسکا، ترەمپ لەو هەڕەشەیەی پاشگەز بووەوە. ئێستا بۆ جاری دووەمە دوای کۆبوونەوەکە، سەپاندنی سزاکان دوادەخات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ