رووداو دیجیتاڵ
پێش سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێک گەیشتە ئەو وڵاتە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە درەنگانێکی شەوی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە شاری نیویۆرک بۆ بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، شاندی عێراق بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت.
بڕیارە رۆژی دووشەممە 18-09-2023 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بگاتە نیویۆرک و هەر خۆیشی گوتاری عێراق لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێش دەکات.
بەهۆی سەردانی محەممەد شیاع سوودانییەوە بۆ نیویۆرک، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ سبەی یەکشەممە پێشدەخرێت، لەکاتێکدا هەفتانە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنەکە رۆژی سێشەممان دەکرێت.
کۆبوونەوە، گوتار و چالاکییەکانی دیکەی ئەمساڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 18 تاوەکو 26ی مانگی ئەیلوول دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ