رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی دوورگەی لامپەدوسای ئیتاڵیا دەڵێن، بە لەبەرچاوگرتنی رووبەرەکەی، دوورگەکە توانای وەرگرتنی 400 کۆچبەری هەیە، بەڵام لەم چەند رۆژەی رابردوودا لانیکەم 10 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەوێ. ئەوەش وایکرد، بەرپرسانی، باری نائاسایی رابگەیێنن.
هاووڵاتییەکی ئیتاڵی دەڵێت، "هاتنی کۆچبەران هەمیشە هەبووە، بەڵام کۆنترۆڵکراو بووە. ئێستا ئێمە لەبارەی گەیشتنی 4000 بۆ 5000 لە هەر 24 کاژێرێکدا قسە دەکەین. ئەوە چیدیکە لێشاوی کۆچبەران نییە، بەڵکو داگیرکردنە."
لەگەڵ زیادبوونی کۆچبەرانیش بۆ ئیتاڵیا، حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا وەرگرتنی کۆچبەر لەو وڵاتەوە رابگرێت.
بەگوێرەی رێککەوتنێک، دەبووایە بەرلین 3500 کۆچبەر لە ئیتاڵیا وەربگرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، گوشارێکی گەورەی کۆچبەران لەسەر وڵاتەکەی دروستبووە، هەربۆیە رێککەوتنەکەی بەشێوەیەکی کاتی راگرتووە.
مێهمەت ئەتا، گوتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئەڵمانیا هەمیشە لەسەر ئاستی ئەوروپا هاوئاهەنگیی پیشانداوە و لەسەر ئەوەش بەردەوام دەبێت. ئێستا چاوپێکەوتنی زیاتر بۆ گواستنەوەی کۆچبەران ناکرێت، بەڵام دەکرێت لە هەر کاتێکدا ئەو چاوپێکەوتنانە دەستپێبکەنەوە."
گەیشتنی ئەو کۆچبەرە زۆرە بۆ ئیتاڵیا وایکرد فەرەنساش سنوورەکانی لەگەڵ ئیتاڵیا تووندوتۆڵ بکات.
جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دەڵێت، چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی بە رێژەی 100% زیادیکردووە، هەربۆیە پێویستە ئەو رێکارە بگرنەبەر.
ماریۆن مارێچاڵ، سیاسەتڤانی فەرەنسی دەڵێت، "دەزانین کە ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی ئێستا دەیانبینین، لە ماوەی هەفتەیەک یان مانگێکدا لە فەرەنسا دەبن. هەربۆیە دەبێت گۆڕانکارییەک لە سیاسەتدا لەسەر ئاستی ئەوروپا هەبێت و پێویستە ئەندامانی شنگنیش بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن."
لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 126 هەزار کۆچبەر بە بەلەم چوونەتە ئیتاڵیا، ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2022دا ژمارەکە تەنیا 66 هەزار کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ