ئەمریکا و بەریتانیا بە بڕی 10 ملیار دۆلار گرێبەست لە بواری تەکنەلۆژیا واژۆ دەکەن

16-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم هەفتەیە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات. ئەمە دووەم سەردانی ترەمپە بۆ بەریتانیا، بۆ قووڵکردنەوەی پێوەندییەکانی واشنتن و لەندەن و دروستکردنی هاودەنگییەکە لەسەر پرسە ئاڵۆزەکانی جیهان. 
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم سەردانیدا لەداوای 2019ـەوە بگاتە لەندەن و لە رێوڕەسمێکی فەرمی و شاهانەدا پێشوازی لێبکرێت و هەر هەمان رۆژ لەگەڵ شا چارڵزی سێیەم، پادشای بەریتانیا لە کۆشکی وێنزەر پێشوازی لێدەکرێت. 
 
پێشوازیی شاهانە و بەرنامەی سەردانەکە
 
بەریتانیا هەموو توانایەکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ دڵخۆشکردنی ترەمپ، کە بەوە بەنێوبانگە، زۆر سەرسامە بەدەسەڵاتی پاشایەتی. بەرنامەی سەردانەکە پڕیەتی لە پێشوازیی فەرمی و رێکاری پرۆتۆکۆڵی وەکو؛ فڕۆکەی جەنگی، گواستنەوە بە گالیسکەی شاهانە لەگەڵ شا چارڵزی سێیەم و ئێوارەخوانێکی گەورەی و فەرمیی کۆشكی وێنزەری دێرین. هەر لەوێ شازادە ویلیام و شازادە کاترین پێشوازی لە ترەمپ و مێلانیای هاوژینی دەکەن.
 
جگە لە رێوڕەسمە شاهانەییەکان، ترەمپ سەردانێکی تایبەت بۆ گۆڕی شاژنە ئیلیزابێسی دووەم دەکات کە لە مانگی ئەیلوولی 2022 کۆچی دواییکرد. ئەمەش وەک رێزێک بۆ پەیوەندییەکانی پێشووی لەگەڵ شاژنە کۆچکردووەکە.
 
گرێبەستی ئابووری و گفتوگۆ سیاسییەکان
 
لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە؛ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە کۆشکی چێکەرس میوانداریی ترەمپ دەکات، کە شوێنی حەوانەوە و پێشوازیکردنی میوانانی سەرۆکوەزیرانە لە ناوچەی ئیڵسبرا لە باشووری شاری لەندەن.
 
ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسیی، بازرگانییەکانە، گفتوگۆکردنیشە لەسەر بابەتە گرنگەکان وەک هەردوو جەنگی غەززە و ئۆکراینا، پێناسیی گومرگیی و واژۆکردنی گرێبەستی گرانبەها.
 
بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە کە لەم سەردانەدا گرێبەست لەبواری تەکنەلۆژیا بە بڕی 10 ملیار دۆلار واژۆ دەکرێت. شاندەکەی ترەمپ سەرکردەکانی تەکنەلۆژیای جیهانی لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیای نیڤیدیا و ئۆپن ئەی ئای- ژیریی دەستکرد. 
 
هاوکات، هەردوو وڵات رێککەوتنێک بۆ خێراکردنی پەرەپێدانی پڕۆژە نوێیەکانی وزەی ئەتۆمی واژۆ دەکەن. ئەم رێککەوتنەش بەشێکە لە هەوڵەکانی بەریتانیا بۆ گەیشتن بە سفرکردنەوەی کاربۆن و دابینکردنی ئاسایشی وزە، بەتایبەتی دوای جەنگی ئۆکراینا کە وایکردووە لەندەن زیاتر بیر لە سەرچاوەکانی وزە بکاتەوە. ئامانج ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2028 پشت بە مادە ئەتۆمییەکانی رووسیا نەبەسترێت.
 
چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ جەخت لەسەر داواکەی خۆی بکاتەوە بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بە رێژەی 100٪ لەسەر چین لەلایەن بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەندامانی ناتۆوە، بە ئامانجی "کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانی چین بۆ رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا."
 
"شاردنەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و لەندەن"
 
سەرەڕای پێشاندانی لێکنزیکیی و رێوڕەسمە شاهانییەکەی، گرژییە شاراوەکان لە پاشخانی سەردانەکەدا هەن. کۆشکی سپی رایگەیاندووە، لەو سەردانەیدا ترەمپ باسی "گرنگیی پاراستنی ئازادی رادەربڕین لە بەریتانیا دەکات"، ئەمەش بابەتێکە لەمدواییانەدا لە بەریتانیا مشتومڕی زۆری لەسەر دروست بووە.
 
لە لایەکی دیکەوە، چاوەڕێ دەکرێت خۆپێشاندانێکی گەورە دژی ترەمپ لە لەندەن بەڕێوەبچێت، بەڵام ترەمپ و شاندەکەی لە قەرەباڵخی و خۆپیشاندەران دوور دەخرێنەوە و هەموو چالاکییەکان لە دەرەوەی لەندەن بەڕێوەدەچن.
 
مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا، کە بە دەگمەن لە دەرەوەی وڵات دەردەکەوێت، بەرنامەیەکی تایبەت بە خۆی دەبێت. ئەو سەردانی ماڵی بووکەڵەکانی شاژنە ماری دەکات لە قەڵای ویندسەر لەگەڵ شاژنە کامیلا و لەگەڵ شازادە کاترین بەشداری لە چەند چالاکییەکی فەرمیدا دەکات کە لە مانگەکانی رابردوودا دوای ململانێی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە دەستی بە چالاکییە فەرمییەکانی کردووەتەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە