رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە داواکاریی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە سووریا بۆ بەڕێوەبردنێکی ناناوەندی، وەڵامی پرسیاری نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداوی دایەوە.
نامۆ عەبدوڵڵا پرسیاری لە گوتێرێز کرد کە ئایا لە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، داواکاریی پێکهاتەکانی وەک دروز و کورد بۆ بەڕێوەبردنی ناناوەندی لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا دەخاتەڕوو.
لە وەڵامدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، بە دڵنیاییەوە ئەم پرسە دەخاتە بەرباس و گوتی، "بەلای منەوە، زۆر پێویستە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سووریا پارێزراو بێ، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە هەموو کۆمەڵگەکان هەست بەوە بکەن ناسنامەیان رێزی لێ دەگیرێ و لە هەمان کاتدا مافی تەواوی بەشداریکردنیان لەنێو وڵاتەکەدا بە گشتی هەیە؛ هەر بۆیە ئەم شتانە لە نێوەڕۆکی گفتوگۆکانمان دەبن."
چاوەڕوان دەکرێت ئەحمەد شەرع بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژانی داهاتوودا بچێتە نیویۆرک.
ئەمە لە کاتێکدایە، وەزیری دەرەوەی سووریا ئەمڕۆ گوتی، پلانێکی نوێ بە پشتگیریی ئوردن و ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی دۆخی پارێزگای سوەیدا، کە بەشێکی زۆری دروزن، خراوەتەڕوو. ئەو پارێزگایە لە مانگی تەممووزدا تووندوتیژییەکی تائیفی تێدا روویدا.
سەبارەت بە کورد، رۆژی 12-09-2025 ئەحمەد شەرع لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) "هێواش بوونەتەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "سووریا واز لە یەک بست لە خاکەکەی ناهێنێت".
لەبارەی دۆخی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و پرسی کورد، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، هەر بیرۆکەیەک بۆ دابەشکردن "ئەستەمە" و سووریا "قبووڵی ناکات."
ئەوە لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دروزەکان داوای سیستمێکی ناناوەندی لە سووریا دەکەن بە جۆرێک کاروباری ناوچەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ