رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گووگڵ رۆژی سێشەممە رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بە بڕی 5 ملیار پاوەند (کە دەکاتە 6.8 ملیار دۆلار) وەبەرهێنان لە بەریتانیا دەکات، بۆ پشتیوانیکردنی بواری ژیریی دەستکرد.
وەبەرهێنانەکە هاوکاتە لەگەڵ سەردانێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ شانشینەکە.
گووگڵ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەو پارەیە بۆ خەرجیی سەرمایە، توێژینەوە و گەشەپێدانی کۆمپانیاکە دەبێت و 'گووگڵ دیپمایند'یش بە توێژینەوە پێشەنگەکانییەوە لە بواری ژیریی دەستکرد لە زانست و تەندروستیدا دەگرێتەوە."
بڕیارە رۆژی سێشەممە گووگڵ بنکەیەکی داتا لە واڵتام کرۆس لە رۆژهەڵاتی هێرتفۆردشێر بکاتەوە، کە ساڵی رابردوو بە وەبەرهێنانێکی یەک ملیار دۆلاری رایگەیاندبوو. گوتەبێژێکی گووگڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە، جیایە لە وەبەرهێنانی پێشوو.
بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا درەنگانی رۆژی سێشەممە بۆ دووەم سەردانی فەرمیی خۆی بگاتە بەریتانیا و حکومەتی وڵاتەکە بە سەرۆکایەتیی کیەر ستامەر، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی سەرۆکی ئەمریکا.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی رایگەیاند، کاتێک ترەمپ رۆژی پێنجشەممە لە شوێنی پشوودانی خۆی لەگەڵ ستامەر کۆدەبێتەوە، "ژمارەیەکی بەرچاو" لە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکانی ئەمریکا یاوەریی دەکەن.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، لەنێویاندا بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای زەبەلاحی چیپی ئەلیکترۆنی، ئێنڤیدیا و کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئایی بەرهەمهێنەری چات جی پی تی، ئامادە دەبن.
بەرپرسە ئەمریکییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "سەرنجی ئەم سەردانە لەسەر هاوبەشییەکی نوێی زانستی و تەکنەلۆجی دەبێت کە وەبەرهێنانی نوێ بە ملیاران دۆلار لەخۆدەگرێت."
بڕیارە هەردوو وڵات بە بەهای نزیکەی 10 ملیار پاوەند چەند رێککەوتنێک واژۆ بکەن، لەنێویاندا رێککەوتنێک بۆ خێراکردنی پەرەپێدانی پڕۆژەیەکی نوێی ئەتۆمی و هەروەها رێککەوتنێکی دیکە کە بەرپرسانی بەریتانیا بە "هاوبەشییەکی تەکنەلۆجیی پێشەنگ لەسەر ئاستی جیهان" ناوی دەبەن.
رۆژی یەکشەممە، ستامەر پێشوازیی لە پلانی کۆمپانیا داراییەکانی ئەمریکا کرد، لەوانە پەیپاڵ و سیتی گرووپ، بۆ وەبەرهێنان بە بڕی 1.25 ملیار پاوەند لە بەریتانیا.
هاوبەشییە ئەتۆمییەکە بۆ ئاسانکردنی کاری کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتە تاوەکو بتوانن لە بواری وزەی ئاشتییانەدا کار بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەریتانیا هەوڵدەدات دەردانی گازە گەرمکەرەکان لە پیشەسازییەکەیدا بۆ سفر کەمبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ