ئەو بوارانە چین کە خەڵک لە ChatGPT پرسیاری لەبارەیەوە دەکەن؟

16-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای OpenAI، دروستکەری ChatGPT، یەکەمین توێژینەوەی وردی بڵاوکردەوە لەسەر ئەوەی بەرکاهێنەرانی چاتبۆتەکە چی بە چاتبۆتەکە دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، کۆمپانیاکە داتاکانی لە توێژینەوەیەکی 62 لاپەڕەییدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زۆربەی بەکارهێنەرانی ChatGPT ژنانی گەنجن و زۆربەی ئەو شتانەیشی لە چاتبۆتەکە داوای دەکەن، پەیوەندییان بە کار و پیشەکانیانەوە نییە. 
 
توێژینەوەکە لەسەر بنەمای تۆماری چاتی 1.5 ملیۆن بەکارهێنەری ChatGPT لەنێوان ئایاری 2024 و حوزەیرانی 2025 کراوە. 
 
هەروەک کۆمپانیاکە باسی دەکات، نزیکەی نیوەی ئەو گفتوگۆیانەی لە داتاکانیان تۆمارکراون، لەلایەن ئەو کەسانەوە لەگەڵ چاتبۆتەکە کراون کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵی بووە. 
 
لێرەدا پوختەیەکی ئەوە دەخەینەڕوو کە توێژینەوەکە دەریدەخات دەربارەی چۆنیەتیی بەکارهێنانی ChatGPT لەلایەن خەڵکەوە و کێ چاتبۆتەکە بەکاردەهێنێت.
 
کێن ئەوانەی چاتبۆتەکە بەکاردەهێنن؟
 
وەکو لە توێژینەوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، چاتبۆتەکەی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای بنکەیەکی بەکارهێنەری جیهانی و هەمەچەشنی هەیە.
 
کاتێک ChatGPT یەکەم جار لە کۆتایی 2022 و سەرەتای 2023 دا گەشەی کرد بەشێوەیەکی فراوان بڵاوبوویەوە، نزیکەی 80٪ـی بەکارهێنەران نێر بوون. بەڵام کۆمپانیاکە ئێستا دەڵێت، تاوەکو حوزەیرانی ئەم ساڵ، ئەم رەوتە پێچەوانە بووەتەوە و ئێستا 52٪ـیان مێن.
 
توێژینەوەکە دەریخستووە بەکارهێنانی ChatGPT لە وڵاتە هەژارەکاندا، بەراورد بە وڵاتە دەوڵەمەندەکان، گەشە دەکات و لە سەرانسەری جیهاندا هەفتانە 700 ملیۆن کەس چات چی پی تی بەکاردەهێنن. 
 
بۆچی خەڵک ChatGPT بەکاردەهێنن؟
 
توێژینەوەکە دەریخستووە زۆربەی ئەو کەسانەی چاتبۆتەکە بەکاردەهێنن، دەیانەوێت یارمەتیدەریان بێت لە ژیانی رۆژانەیاندا. 
 
لە حوزەیرانی پاردا، ئەو داواکاریی یاخود پرسیارانەی لە چاتبۆتەکە کراون لەنێوان کار و ژیانی کەسیدا بە نزیکەیی یەکسان بووە، بەڵام تاوەکو حوزەیرانی 2025، ئەوانەی کە دوور لە ژیانی کار و پیشەییاندا گفتوگۆیان لەگەڵ چاتبۆتەکە دامەزراندووە گەیشتووەتە 73٪. 
 
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لە ماوەی پاردا، زیاتر لە یەک ملیۆن چاتی وەرگرتووە و بەسەر چەند کۆمەڵەیەکدا دابەشی کردوون. 
 
ئەو پرسیارانەی خەڵک لە چاتبۆتەکەی دەپرسن بەسەر ئەو کۆمەڵانەی خوارەوەدا دابەش کراون:
 
رێنمایی پڕاکتیکی: 28.3٪
نووسین: 27.3٪
گەڕان بەدوای زانیاری: 21.3٪
یارمەتی تەکنیکی (پڕگرامسازی): 4.2٪
دەربڕینی خود: 1.9٪
 
زۆربەی ئەو کەسانەی بۆ نووسین داوای یارمەتییان لە چاتبۆتەکە کردووە، ئەوانە بوون کە دەقێکییان بە چاتبۆتەکە داوە و داوایان کردووە  بۆیان دەستکاری بکات یانیش داوایان کردووە چاتبۆتەکە بەچاوێکی رەخنەگرانە پێداچوونەوە بە دەقەکە بکات. هەروەها بەشێکی دیکەشیان داوایان کردووەئیمەیڵێکیان بۆ بنووسێت یاخود لەو پۆستانە یارمەتییان بدات کە لە سۆشیەڵ میدیا دەیانکەن. 
 
توانای ChatGPT و ئامرازەکانی دیکەی AI بۆ دروستکردنی کۆدی کۆمپیوتەر لەلایەن زۆر لە کۆمپانیاکانی پیشەسازی تەکنەلۆژیا پەسند کراوە، ئەوەیش وایکردووە کە نزیکەی 4.2٪ـی سێیەم باوترین جۆرە بەکارهێنانیChatGPT لەناو داتاکانی توێژینەوەکەدا "گەڕان بەدوای زانیاریدا" بووە و توێژەران دەڵێن، چات جی پی تی "پێدەچێت ببێتە جێگرەوەیەکی نزیک بۆ گەڕان لە وێبسایتەکانی دیکە."
 
کاتێک توێژەرەرانی راپۆرتەکە خەریکی کۆکردنەوەی داتاکان بوون، ئەوەیان بۆ دەرکەوت ئەو بەشەی بەردەوام لە گەشەسەندا بووە، "گەڕان بەدوای زانیاریدا" بووە و بەردەوام بەکارهێنەرانی زیاد بووە. 
 
بەکارهێنەرانی چات جی پی تی بۆ راوێژی کەسی
 
زۆر کەس بە سوودی دەزانن باسی ژیانی تایبەتی خۆیان لەگەڵ ChatGPT بکەن. توێژینەوەیەک کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، دەریدەخات کە 1.9٪ی گفتوگۆکان پەیوەندییان بە داواکردنی ئامۆژگاری لەبارەی پەیوەندییەکان و "گفتوگۆکردنی تێڕامانە کەسییەکانەوە" هەبووە.
 
نیگەرانییەکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی خەڵک دوای بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەگەڵ چاتبۆتەکان بیرۆکەی زیانبەخشیان بۆ دروست دەبێت. 
 
هەفتەی رابردوو، کۆمیسیۆنی بازرگانیی فیدراڵی ئەمریکا دەستی بە لێکۆڵینەوەیەک کرد سەبارەت بە زیانەکانی ئەو چاتبۆتانەی  وەکو "هاوڕێ" مامەڵە دەکەن. هەروەها کۆمیسیۆنەکە فەرمانی بە 7 کۆمپانیا کرد زانیاری بەرهەمەکانیان پێشكێش بکەن، لەنێویاندا کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، گووگڵ و مێتا. 
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای چەندین وەشانی چاتبۆتی چات جی پی تی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەشێک لە بەرکاهێنەران گلەییان لێی هەبوو. 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە