جیهان
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و هی لیفێنگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین لە مەدریدی ئیسپانیا.
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا و چین گەیشتنە "رێککەوتنێکی سەرەتایی" بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان لەسەر تیکتۆک، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە "هەواڵێکی دڵخۆشکەر" بۆ گەنجانی وڵاتەکەی ناویبرد. ئەم رێککەوتنە دوای گفتوگۆیەکی چڕ هات لە مەدرید و بڕیارە هەریەک لە ترەمپ و شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین، رۆژی هەینی بە تەلەفۆن تەواوی بکەن.
رۆژی دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ، بەبێ ئەوەی راستەوخۆ ناوی کۆمپانیا زەبەلاحەکەی سۆشیال میدیا بهێنێت، رایگەیاند رێککەوتنێک لەگەڵ "کۆمپانیایەکی دیاریکراو کراوە کە گەنجان لە وڵاتەکەماندا زۆر دەیانویست رزگاری بکەن. ئەوان زۆر دڵخۆش دەبن."
ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی هەینی لەگەڵ شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین قسە دەکات.
هاوکات، بەرپرسێکی باڵای چین بە ئاژنسی فرانس پرێسی راگەیاند، هەردوولا "گەیشتوونەتە کۆدەنگییەکی بنەڕەتی لەسەر چوارچێوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە تیکتۆک لە رێگەی هاوئاهەنگی، کەمکردنەوەی رێگرییەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییە پەیوەندیدارەکان."
ئاژانسی هەواڵی شینهوا لە زاری لی چێنگانگ، جێگری وەزیری بازرگانیی چین رایگەیاند، "چین بەتەواوەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی کۆمپانیا چینییەکان دەپارێزێت."
رێککەوتنەکە دوای دوو رۆژ لە گفتوگۆکردن لەنێوان سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و هی لیفێنگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین، لە مەدرید هات و تێیدا ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات قسەی لەسەر کرا.
بێسێنت "رێککەوتنە چوارچێوەییەکەی" پشتڕاستکردەوە، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاری زیاتر بدات و رایگەیاند کە ترەمپ و شی رۆژی هەینی قسە دەکەن بۆ "تەواوکردنی" رێککەوتنەکە.
تیکتۆک کە نزیکەی دوو ملیار بەکارهێنەری لە جیهاندا هەیە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای بایتدانسی چینی دەگەڕێتەوە.
وادەی کۆتایی بۆ ئەپەکە لە ئەمریکا 17ی ئەیلوولە، ئەوە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری سێیەم وادەکەی درێژکردەوە.
بڕیاربوو رۆژێک پێش سوێندخواردنی ترەمپ لە 20ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، یاسایەکی فیدراڵی کە لەسەر بنەمای ئاسایشی نیشتمانی، داوای فرۆشتن یان قەدەخەکردنی تیکتۆک دەکات، بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا قەدەخەکردنەکەی راگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ