رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئیدارەکەی لەگەڵ چین لەبارەی تیکتۆکەوە گەیشتووەتە رێککەوتن.
رۆژی سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ بەریتانیا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لەبارەی تیکتۆکەوە رێککەوتنێکمان هەیە."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "لەگەڵ چین گەیشتوومەتە رێککەوتن. رۆژی هەینی قسە لەگەڵ سەرۆک شی دەکەم بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەموو شتێک."
ترەمپ بێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی رێککەوتنەکە ئاشکرا بکات، ئاماژەی بەوە کرد، "گرووپێک کۆمپانیای زۆر گەورەمان هەن کە دەیانەوێ [تیکتۆک] بکڕن."
ترەمپ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئەمریکا و چین گەیشتوونەتە "رێککەوتنێکی سەرەتایی" بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان لەبارەی تیکتۆک و بە "هەواڵێکی دڵخۆشکەر" بۆ گەنجانی وڵاتەکەی ناویبرد.
هاوکات بەرپرسێکی باڵای چین بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، هەردوولا "گەیشتوونەتە کۆدەنگییەکی بنەڕەتی لەسەر چوارچێوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە تیکتۆک لە رێگەی هاوئاهەنگی، کەمکردنەوەی رێگرییەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییە پەیوەندیدارەکان."
ئاژانسی هەواڵی شینهواش لە زاری لی چێنگانگ، جێگری وەزیری بازرگانیی چین بڵاویکردەوە، "چین بەتەواوی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، ماف و بەرژەوەندییە رەواکانی کۆمپانیا چینییەکان دەپارێزێت."
رێککەوتنەکە دوای دوو رۆژ لە گفتوگۆ لەنێوان سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و هی لیفێنگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین لە مەدرید دێت کە تێیدا ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات قسەیان لەبارەوە کرا.
بێسێنت "رێککەوتنە چوارچێوەییەکەی" پشتڕاستکردەوە، بەڵام رەتیکردەوە وردەکاری زیاتر بدات و رایگەیاند، ترەمپ و شی رۆژی هەینی قسە دەکەن بۆ "تەواوکردنی" رێککەوتنەکە.
تیکتۆک نزیکەی دوو ملیار بەکارهێنەری لە جیهان هەیە و خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای بایدتدانسی چینی دەگەڕێتەوە.
وادەی کۆتایی بۆ ئەپەکە لە ئەمریکا 17ی ئەیلوولە، ئەوە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری سێیەم وادەکەی درێژکردەوە.
بڕیاربوو رۆژێک پێش سوێندخواردنی ترەمپ لە 20ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، یاسایەکی فیدراڵی کە لەسەر بنەمای ئاسایشی نیشتمانی، داوای فرۆشتن یان قەدەخەکردنی تیکتۆک دەکات، بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا قەدەخەکردنەکەی راگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ