رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نەرویجی دەڵێت، نیوەی باکووری گۆی زەوی خێراتر لە نیوەی باشووری تاریک دەبێت، چونکە رووناکییەکی کەمتری خۆر دەداتەوە و وزەیەکی زیاتر هەڵدەمژێت.
توێژینەوەیەکی نوێ کە پشتی بە داتای زیاتر لە دوو دەیەی مانگە دەستکردەکان بەستووە، گۆڕانێکی بچووک، بەڵام بەردەوام لە هاوسەنگیی وزەی هەسارەکەدا نیشان دەدات. توێژەران دەڵێن، هەوای پاکتر، توانەوەی سەهۆڵ و گۆڕانکاریی ورد لە هەورەکاندا، هۆکاری سەرەکیی ئەم جیاوازییەن.
ئۆیڤیند هۆدنێبرۆگ، توێژەری باڵا لە سەنتەری نێودەوڵەتیی توێژینەوەی کەشوهەوای نەرویج، دەڵێت، "ئێستا تۆمارێکی 24 ساڵەی چاودێریی مانگە دەستکردەکانمان هەیە. ئەوە نیشان دەدەن کە بڕی ئەو وزەیەی دێتە نێو سیستمی زەوی، لەچاو ئەو بڕەی دەچێتە دەرەوە، زیادیکردووە."
بە گوتەی هۆدنێبرۆگ، "ئەوەی لەم توێژینەوەیەدا بۆمان دەرکەوتووە ئەوەیە کە [هەڵمژینی وزە] لە نیوەگۆی باکوور زیاترە وەک لە نیوەگۆی باشوور. ئەمەش مانای تاریکبوونی زەوییە."
بۆ روونکردنەوەی بابەتەکە، ئەو توێژەرە نموونەی کراسی رەش و سپی دەهێنێتەوە و دەڵێت: "کەمێک وەک لەبەرکردنی کراسێکی رەش وایە لە رۆژێکی هاویندا. گەرمترت دەبێت، چونکە رووناکیی زیاتری خۆر هەڵدەمژیت. ئەگەر کراسێکی سپیت لەبەردابێت، رووناکیی زیاتری خۆر دەدرێتەوە، بۆیە فێنکترە. ئێستا کراسەکەی زەوی کەمێک تاریکتر بووە، واتە رووناکیی زیاتری خۆر هەڵدەمژین و سیستمی کەشوهەوا گەرمتر دەبێت."
زانایان پێیانوایە چەند هۆکارێک لەپشت ئەم گۆڕانەوەن. هۆدنێبرۆگ دەڵێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کەمبوونەوەی پیسبوونە بە گەردیلە هەڵواسراوەکانی نێو هەوا (ئایرۆسۆڵ).
ئەو گەردیلە وردانە رووناکیی خۆر دەدەنەوە. هەوای پاکتر مانای ئەوەیە گەردیلەی کەمتر هەیە بۆ ئەوەی رووناکیی خۆر بدەنەوە بۆ بۆشایی ئاسمان. هەروەها شێوازی دروستبوونی هەورەکانیش دەگۆڕێت و وادەکات کەمێک تاریکتر و کەمتر رووناکیدەرەوە بن.
هۆدنێبرۆگ دەشڵێت، توانەوەی سەهۆڵی دەریایی و بەفری جەمسەری باکوور کاریگەرییەکەی زیاد دەکات، چونکە رووبەری تاریکتری زەریا و وشکانی دەردەخات کە گەرمیی زیاتر هەڵدەمژن.
بە گوتەی هۆدنێبرۆگ، ئەم ناهەوسەنگییە رەنگە هەمیشەیی نەبێت و پەرەسەندنی پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە، لەوانە دەرهاویشتەکانی گازە گەرمکەرەکان لە داهاتوودا. بەڵام دەشڵێت، ئەم رەوتە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەک لە سیستمی کەشوهەوادا کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بارانبارین، رەوتی زەریاکان و شێوازەکانی کەشوهەوای درێژخایەن هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ