رووداو دیجیتاڵ
کاتێک وشەی "جمک" دەبیستین، بیرمان بۆ دوو مرۆڤی لەیەکچوو دەچێت کە رەنگە لە رووخسار و هەندێک رەفتاردا وەک یەک بن.
بەڵام لە جیهانی تەکنەلۆجیادا، ئەم وشەیە مانایەکی دیکەی هەیە و ئاماژەیە بۆ شتێکی وەرچەرخێنەر کە هێشتا زۆر کاری لەسەر نەکراوە، کە ئەویش جمکی دیجیتاڵییە.
جمکی دیجیتاڵی چییە؟
جمکی دیجیتاڵی بریتییە لە کۆپییەکی گریمانەیی (خەیاڵی) شتێکی راستەقینە. واتە مۆدێلێکی کۆمپیوتەرییە کە بە بەردەوامی زانیاریی راستەقینەی پێدەگات، بۆ ئەوەی رێک وەک شتە راستەقینەکە بجووڵێتەوە و کار بکات.
وەک ئەوە وایە ئاوێنەیەکی زیرەکت هەبێت کە نەک هەر شێوەت پیشان دەدات، بەڵکو لە هەر جووڵەیەکت فێر دەبێت بۆ ئەوەی پێشبینیی جووڵەی داهاتووت بکات.
جمکی دیجیتاڵی لە کوێ بەکاردێت؟
ئەم تەکنەلۆجیایە ساڵانێکە لە چەندین بواری جیاوازدا بەکاردەهێنرێت. بۆ نموونە یارمەتیمان دەدات:
• پێشوەختە کێشەی فڕۆکەکان بزانین.
• کارایی کارگەکان باشتر بکەین.
• ئۆتۆمبێلێک دروست بکەین کە لە شێوازی لێخوڕینی هەزاران بەکارهێنەر فێر ببێت.
• لە بواری کشتوکاڵدا، پێشبینیی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر بەروبوومەکان بکرێت.
جمکی دیجیتاڵی لە بواری پزیشکیدا
جمکی دیجیتاڵی لەم بوارەدا گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەی دروست کردووە. بۆ نموونە، ئێستا "جمکی دیجیتاڵیی دڵ" هەیە کە بە وردییەکی سەرسوڕهێنەرەوە رەوشی دڵی نەخۆشێک نیشان دەدات. بەم شێوەیە پزیشکەکان دەتوانن بزانن دڵی کەسێکی دیاریکراو چۆن وەڵامی چارەسەرێک دەداتەوە، بێ ئەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر نەخۆشە راستەقینەکە دروست ببێت.
ئەمە رێگە بۆ چارەسەرێک دەکاتەوە کە ئەنجامەکەی زانراوە، تایبەتە بە کەسەکە و سەلامەتریشە. بەڵام ئەی چی دەبێت ئەگەر هەمان شت بۆ مێشکی مرۆڤ بکەین؟
لە کارگەوە بۆ مێشک
تەندروستیی مێشک و دەروون کۆڵەکەی سەرەکیی خۆشگوزەرانیی مرۆڤن، بەڵام زۆر هەستیارن. کێشەکانی وەک دابەزینی توانای مێشک لەگەڵ تەمەندا، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و ئەو نەخۆشییانەی زیان بە مێشک و دەمار دەگەیێنن، هێشتا کێشەی گەورەن.
لێرەوەیە کە ژیریی دەستکرد دێتە نێو گۆڕەپانەکە و رۆڵی خۆی دەگێڕێت بۆ ئەوەی هیوامان پێ ببەخشێت. ژیریی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ:
• زووتر دەستنیشانکردنی نەخۆشی.
• هەڵبژاردنی نەخۆشی گونجاوتر بۆ تاقیکردنەوە پزیشکییەکان.
• تەنانەت پێشبینیکردنی دۆخی هەر کەسێک بە بەکارهێنانی جمکە دیجیتاڵییەکان.
جمکی دیجیتاڵیی مێشک
بەم دواییانە، تیمێک لە زانایان شێوازێکی نوێیان بۆ گرنگیدان بە تەندروستیی مێشک و دەروونی خەڵک داهێناوە، ئەویش لە رێگەی "جمکی دیجیتاڵیی مێشک"ەوەیە.
ئەمانە وێنەی خەیاڵین کە زانیارییەکانی مێشک، هەڵسوکەوت، خووی رۆژانە و کاردانەوە سۆزدارییەکانمان کۆدەکەنەوە. بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، ئەم مۆدێلە خەیاڵییانە دەتوانن لەگەڵ هەر کارلێکێکی نوێدا فێر بن و خۆیان دەوڵەمەندتر و نوێ بکەنەوە.
پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا هەر کەسێک "جمکێک"ی دیجیتاڵیی تایبەت بە مێشکی خۆی هەبێت، کە بەکاربهێنرێت بۆ پێشبینیکردنی ئەوەی یادەوەری یان ئاستی سەرنجی چۆن دەگۆڕێت، هەروەها چالاکیی تایبەتی پێشنیاز بکات بۆ راهێنانی مێشک پێش ئەوەی کێشەیەکی جیدی دروست بێت.
ئەمە چۆن دەکرێت؟
کلیلی ئەم شۆڕشە لەوەدایە کە ئەو ئامێرانەی زۆربەمان هەمانن - وەک کاتژمێری زیرەک، ئامێری چاودێریی چالاکی و هەستەوەری خەو - بەکاربهێنرێن بۆ ئەوەی بە بەردەوامی زانیاری بدەن بەو "جمکە دیجیتاڵییە".
زانیارییەکانی وەک لێدانی دڵ، کوالێتیی خەو، ئاستی چالاکی و گوشاری دەروونی دەتوانن بە شێوەیەکی راستەوخۆ بگوازرێنەوە بۆ جمکە دیجیتاڵییەکە، ئەویش لێیانەوە فێر دەبێت و راهێنانی مێشک و راسپاردەکان لەگەڵ دۆخی جەستەیی و دەروونیی تۆدا دەگونجێنێت.
راهێنانی تایبەت بە مێشکی خۆت
تاوەکو ئێستا، "راهێنانی مێشک"ی دیجیتاڵی تەنیا بریتی بووە لە چەند یارییەکی سەرگەرمکەر کە سوودەکانیان سنووردار بوو. بەڵام جمکی دیجیتاڵیی مێشک شتێکی تەواو جیاوازە. لەبری چەند راهێنانێکی گشتی، سیستمێکی زیندووە کە لەگەڵ کەسەکەدا دەگۆڕێت، لەلایەن پسپۆڕانی تەندروستییەوە سەرپەرشتی دەکرێت و پشت بە بەڵگەی زانستی دەبەستێت.
ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە و شێوازی "یەک چارەسەر بۆ هەمووان" دەگۆڕێت و هەر کەسێک بە گوێرەی سرووشتی خۆی و پێداویستیی خۆی، چارەسەرێکی راستەقینەی دەستدەکەوێت.
کێشە و ئاستەنگەکان
بێگومان ئاستەنگیش هەن. پێویستە ئەم جمکە دیجیتاڵییانە بە شێوەیەک دروست بکرێن کە نهێنیی زانیارییەکان بپارێزن و ئەو بڕیارانەی ئامێرە زیرەکەکە (کاتژمێر، موبایل، یان کۆمپیوتەر) دەیدات روون و ئەخلاقی بن. هەروەها نابێت "جیاوازیی دیجیتاڵی" لەبیر بکەین، کە لەوانەیە کەسانی بەساڵاچوو یان ئەوانەی دەستیان بە تەکنەلۆجیا ناگات، بێبەش بکات.
کۆتایی
تاوەکو چەندەیەیەک لەمەوبەر، ئەگەر بە کەسێکت گوتبا، رۆژێک دێت هەموومان کۆمپیوتەرێکمان لە گیرفاندا دەبێت (مەبەستمان موبایلە)، ئەستەم بوو بڕوا بکات.
دوای چەند ساڵێکی دیکە، زۆر ئاسایی دەبێت کە "جمکێکی زیرەک" هاوڕێمان بێت و بە ژیریی دەستکرد ئاگای لێمان بێت. چونکە کێ لە هاوشێوە دیجیتاڵییەکەی خۆمان باشترە بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدات لە خۆمان تێبگەین، پێشبینی رەوشی خۆمان بکەین و ئاگاداری خۆمان بین؟
*ئەم راپۆرتە لە توێژینەوەیەک وەرگیراوە کە لە پێگەی The Conversationی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ