ترەمپ بە کوشتن و ناردنی هێز بۆ غەززە هەڕەشە لە حەماس دەکات

16-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە هەڕەشەی کرد، ئەگەر بزووتنەوەی حەماس بەردەوام بێت لە کوشتنی خەڵک لە غەززە، "دەچنە ناویان و دەیانکوژن".
 
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی خەڵکی سڤیلی کوشتووە. لە کاتێکدا پێشتر رایگەیاندبوو کە گڵۆپی سەوزی بە حەماس داوە تاوەکو بۆ پاراستنی ئاسایشی غەززە، "چەتە و تاوانکارەکان" بکوژێت.
 
لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەست و وەستانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، حەماس ژمارەیەک کەسی بە تۆمەتی ئەوەی دەستیان لە تاڵانکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و پشێوینانەوەدا هەبووە، کوشت. 
 
ترەمپ لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو، ئەوە "زۆر نیگەرانی نەکردووم" و گوتبووی ئەوانەی حەماس کوشتوونی، ئەندامانی گرووپە چەکدارییەکان بوون.
 
ئەمڕۆ ترەمپ لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "ئەگەر حەماس بەردەوام بێت لە کوشتنی خەڵک لە غەززە، کە ئەمە بەشێک نەبوو لە رێککەوتنەکە، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نابێت جگە لەوەی بچینە ناویان و بیانکوژین."
 
ترەمپ روونی نەکردەوە مەبەستی لە وشەی "ئێمە" چییە، بەڵام رۆژی چوارشەممە گوتی، "پێویستمان بە سوپای ئەمریکا نابێت" تاوەکو بچنە نێو غەززە.
 
لەدوای کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست کە ئەمریکا پشتیوانیی لێ دەکات، حەماس دەسەڵاتی خۆی بەسەر شارە وێرانبووەکاندا تووندتر دەکاتەوە، هەڵمەتێکی دەستپێکردووە و ئەوانەی بە یارمەتیدانی ئیسرائیل تۆمەتبارن، لەسەر شەقامەکان دەکوژێت. 
 
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە داوای لە حەماس کردبوو واز لە تەقەکردن لە خەڵک بهێنێت و پابەندی پلانی ترەمپ بێت.
 
بەڵام ترەمپ تاوەکو ئێستا لە ئاست کوشتنەکاندا بێباک بوو.
 
رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆشکی سپی، ترەمپ گوتی: "راستییەکەی، ئەوە زۆر نیگەرانی نەکردم. کێشە نییە. ئەوانە چەند گرووپێکی زۆر خراپن. بارودۆخەکە زۆر جیاوازە لە هیی وڵاتانی دیکە."
 
هەروەها ترەمپ لە گەشتەکەیدا بۆ ئیسرائیل و میسر لە رۆژی دووشەممە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ئاگربەستی غەززەوە گوتی، حەماس "راشکاو بووە" سەبارەت بەوەی دەیەوێت "کێشەکان لەو ناوچە وێرانبووەدا رابگرێت."
 
کاتێک لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بوو، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەوان لەوبارەیەوە راشکاو بوون، ئێمەش بۆ ماوەیەک رەزامەندیمان پێدان."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا