پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵمەتێکی بۆ سەر 54 ناوەندی ئیسلامی لە هامبۆرگ دەستپێکرد

16-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، سەدان پۆلیسیان راسپاردووە هەڵمەت بۆ چەند ناوەندێکی ئیسلامی دەستپێبکەن. پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا دەڵێت، "500 پۆلیسی ئەڵمانیا لەو هەڵمەتەدا بەشداربوون و زیاتر لە ساڵێکە ئەڵمانیا چاودێریی ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ دەکات، کە سەر بە ئێرانە".  
 
رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند "بە سەدان پۆلیسمان راسپاردووە هەڵمەت بۆ چەند ناوەندێک دەستپێبکەن کە سەر بە گرووپی حیزبوڵڵای شیعەن."
 
بەپێی میدیای ئەڵمانیا، هەڵمەتەکە جگە لە 54 بنکە، ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ و پێنج گرووپی سەر بەوانی کردووەتە ئامانج. پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، هەڵمەتەکان لە شەش شاری ئەڵمانیان، لەوانەش: بەرلین، هامبۆرگ، ساکسۆنیای خواروو، هێسن، بادن-ڤویرتمبێرگ و راین-وێستفالیای باکوور. 
 
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا گوتی "500 پۆلیسی ئەڵمانیا لەو هەڵمەتەدا بەشدار بوون.''
 
پەیامنێرەکەی رووداو هەروەها گوتی: "ئەو هەڵمەتە لەکاتێکدایە؛ زیاتر لە ساڵێکە ئەڵمانیا چاودێری ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ دەکات، کە سەر بە ئێرانە.''
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ ماوەیەک بوو لەژێر چاودێریی هەواڵگریی ئەڵمانیادا بوو، وەزارەتەکە دەڵێ "ئێمە گومان دەکەین ئەوان ئامانجیان بڵاوکردنەوەی چەمکی شۆڕشگێڕانەی سەرکردە باڵاکانی ئێران بووە، کە ئەمەش پێشێلکردنی دەستووری ئەڵمانیایە."
 
میدیای ئەڵمانیا هەروەها ئاماژەی بەوە دا تائێستا هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە، پۆلیس خەریکی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویستە.
 
رۆژی سێشەممە، 7-11-2023، نیکۆلاس لێلێ لە دامەزراوەی ئامادۆ ئەنتۆنیۆ، کە رێکخراوێکی ناحکومیی دژە رەگەزپەرستییە لە بەرلین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "وەک کۆمەڵگەیەکی شارستانی، ئەرکی ئێمەیە شانبەشانی جووەکان بووەستین. دژەجوویی بەردەوام بێت، کۆمەڵکوژی جووەکان ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە."
 
قسەکانی لێلێ لە راپۆرتێکەوە سەرچاوە دەگرن، کە دامەزراوەکەی بڵاویکردووەتەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە سێ مانگدا 540 تاوان دژی جووەکان لە ئەڵمانیا لەلایەن پۆلیسەوە تۆمارکراون.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، 14 لەو تاوانانە تووندوتیژی بوون و 44ـیان پڕوپاگەندە بوون؛ هەروەها 450 لەو تاوانانە لەلایەن کەسانی راستڕۆوە کراون.
 
هەمان رۆژ، نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا داوای لە خەڵک کرد لە دژی "دژەجوویی" بووەستنەوە و رایگەیاند، "دەبێت دڵنیایی بدەینە جووەکان کە ساڵی 2023 ساڵی 1938 نییە. ئەوە جگە لە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، ئەرکی مرۆڤایەتی و یەکگرتوویی ئێمەیە".
 
لێڤی سالۆمۆن، هاووڵاتییەکی ئەڵمانییە و دەڵێت، 25 ساڵە بەڵگەی دژەجوویی لە درووشمی خۆپیشاندانەکاندا کۆدەکاتەوە. لێڤی رۆژی سێشەممە گوتی، "7ی ئۆکتۆبەر، بووە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی دژەجووی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە".
 
رۆژی 20-10-2023، ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیلەوە هۆشداری لە مەترسیی تەشەنەکردنی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل دا و گوتی، پێویستە ئێران، حیزبوڵڵای لوبنانی، گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حوسییەکانی یەمەن "خۆیان فڕێنەدەنە نێو ئاشی تیرۆرەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق هەڵوەشاندەوە

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی (NDAA) بە گوژمەی 901 ملیار دۆلار پەسند کرد و رەوانەی سەر مێزی دۆناڵد ترەمپی کرد؛ پڕۆژەیاساکە بڕگەیەکی تێدایە کە تێیدا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.