بایدن لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی: ئێستاش پێموایە سەرۆکی چین دیکتاتۆر بێت

16-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکی چین بە "دیکتاتۆر" ناودەبات و وەزارەتی دەرەوەی چینیش دەڵێت، ئەم جۆرە قسەیە زۆر هەڵەیە و یاریکردنێکی سیاسیی "نابەرپرسانەیە". ئەم قسانە چەند کاژێرێک دوای کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک دێت لە کۆنفڕانسی هاوئاهەنگیی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا - زەریای هێمن (ئەیپێک) لە ئەمریکا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی  رۆژنامەڤانێکدا گوتی، "من بیرۆکەم نەگۆڕاوە و هێشتا پێموایە سەرۆک شی جینپینگ دیکتاتۆرە."
 
ئەو زیاتر قسەکانی روونکردەوە و گوتی، "ئەو کەسێکە وڵاتێکی کۆمۆنیست بەڕێوەدەبات کە سیستمێکی حکومڕانیی تەواو جیاوازی لەوەی ئێمەی هەیە."
 
لە کاردانەوەی ئەم قسانە، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند: "ئەم جۆرە قسەیە زۆر هەڵەیە و یاریکردنێکی سیاسیی نابەرپرسانەیە، چین بە تووندی دژی ئەم قسانەیە."
 
قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە لە سانفرانسیسکۆی ئەمریکا لە کۆنفڕانسی هاوئاهەنگیی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا - زەریای هێمن لەگەڵ شاندی چین کۆبووەوە کە نزیکەی چوار کاژێری خایاند. 
 
رۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2023، بایدن پێش بەڕێکەوتن بۆ شوێنی کۆبوونەوەکە لە سانفرانسیسکۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە نامانەوێت خۆمان لە چین جیا بکەینەوە، ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە، کە پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر بگۆڕین."
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، بایدن رایگەیاند: "ناکرێت ئەو گرژییانە ببنە ناکۆکی". سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "ئێمە زۆر لەمێژە یەکدی دەناسین و هەمیشەش لەسەر پرسەکان کۆک نەبووین، کە ئەمەش شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە، بەڵام کۆبوونەوەکانمان هەمیشە راشکاو و راستەوخۆ و گونجاو بوون. بۆیە گرنگە کە من و تۆ بەڕوونی لەیەکدی بگەین وەکو سەرکردە بۆ سەرکردە، بەڵام بێ هەڵە لێکدانەوە و تێگەیشتن".
 
وەزارەتی دەرەوەی چین راگەیێدراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەکەی هەردوو سەرۆک بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندی قووڵی هەردوولا و پرسەکانی ئاشتی جیهانی دەکرێت."
 
بایدن دووەمجارە ئەم لێدوانە دەدات، رۆژی چوارشەممە، 21ی حوزەیرانی 2023، لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارێکدا، هێرشی تووندی کردە سەر سەرۆکی چین و گوتی، شی جینپینگ "شەرمەزار بووە" بە رووداوی خستنەخوارەوەی بالۆنە سیخوڕییە چینییەکەی سەر ئاسمانی ئەمریکا لە مانگی شوباتی رابردوو. 
 
لە بەرامبەردا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وەڵامی لێدوانەکەی بایدنی دایەوە و رایگەیاند، ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا "نابەرپرسیارانە" بووە. 
 
لە گوتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی چین و سەرۆکەکەیەوە دەڵێت: "هۆکاری ئەوەی کە بۆچی شی جینپینگ زۆر تووڕە بوو، ئەوکاتە بوو بالۆنەکەمان خستەخوارەوە، کە پڕبوو لە کەرەستەی سیخوڕی، ئایا ئەو دەیزانی ئەو کەرەستانەی تێدابوو؟، ئەمە مایەی شەرمەزارییەکی زۆرە بۆ دیکتاتۆرەکان، لەوکاتەی نازانن چی روویداوە".
 
بالۆنەکە کە ئەوکات چین رایگەیاند، بالۆنی تایبەت بە چاودێریکردنی کەشوهەوا بوو، بە هەڵە چووەتە نێو ئاسمانی ئەمریکاوە، پێش ئەوەی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە تێکبشکێندرێت. 
 
چین و ئەمریکا دوو رکابەری گەورەی بازرگانیی جیهانین و هەردوولا بەردەوام لەسەر پرسی تایوان مشتومڕیانە.
 
دوایین گرژیی نێوان چین و ئەمریکا، بابەتی سەردانەکەی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بوو بۆ تایوان؛ خاکێک کە حکومەتی چین بە خاکی خۆی دەزانێت و پێشتریش رایگەیاندووە کە "ئەگەر بە زەبری هێزیش بێت" رۆژێک هەر دەیگەڕێنێتەوە سەر خاکەکەی، ئەوەش لەکاتێکدایە کە تایوان حکومەت و سیستمی خۆبەڕێوەبەری خۆی هەیە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.