گەندەڵی سەری ئۆکراینییەکان دەخوات؛ نزیکەی 100 ملیۆن دۆلاری ژێرخانی وزە دیارنەماوە

16-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئۆکراینا بەڵێنی داوە کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەت لە کەرتی وزە کۆنترۆڵ بکات و لە سەرجەم گەندەڵییەکان پاکیان بکاتەوە، دوای ئەوەی گەندەڵییەکی گەورە لەنێو ئەو کۆمپانیایانە ئاشکرا بوو کە تایبەت بوو بە دیارنەمانی نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا راپۆرتی نهێنیی لێکۆڵەرەوانی بەدەستگەیشتووە تایبەت بە گەندەڵییەکانی کەرتی وزەی وڵاتەکە و لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کردووە، نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار دزراون کە ئەو بڕە تەرخانکراوە بۆ پاراستنی ژێرخانی کەرتی وزەی وڵاتەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی رووسیا.
 
ئاشكرابوونی ئەو گەندەڵییە گەورەیەش، ناڕەزایەتی زۆری لەنێو ئۆکراینییەکان دروست کردووە.
 
لە هەمان کاتدا، رووسیاش هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانەکانی وزە و بەتایبەتیش وێستگە کارەباییەکانی ئۆکراینا چڕتر کردووەتەوە. ئەوەش بەشێکی زۆری ئۆکراینییەکانی رووبەڕووی تاریکیی و بێ کارەبایی کردووەتەوە.
 
رۆژی شەممە، زیلینسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی "لەگەڵ پێداچوونەوەیەکی تەواو بە خەرجییەکان و بەڕێوەبردنی ئەو کۆمپانیایانە دەکەنەوە. شەفافییەت و دەستپاکی تەواو لە کەرتی وزەدا، کاری لەپێشینەی هەمووانە." 
 
کۆمپانیای ئەتۆمی ئینرگۆتۆم کە گەورەترین کۆمپانیای بواری وزەی ئۆکراینایە و سەر بە دەوڵەتە، لەنێو ناوجەرگەی ئابڕووچوونەکەدایە و سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، دەست بە لێکۆڵینەوە لەو کۆمپانیایە کراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەنجوومەنێکی نوێی سەرپەرشتیاری بۆ دادەنرێت.
 
هەروەها میدیای ئۆکراینا بڵاویانکردووەتەوە، ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لە گەندەڵییەکەدا تێوەگلاون پەیوەندییەکی نزیکیان بە سەرۆکی ئۆکرایناوە هەیە.
 
لەدرێژەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئۆکراینا نووسیویەتی، "فەرمانم بە بەرپرسانی حکومەت کردووە پەیوەندی بەردەوام و ماناداریان لەگەڵ دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و دژە گەندەڵی هەبێت."
 
هەروەها زیلینسکی داوای دەستبەجێ دانانی بەڕێوبەرێکی نوێی بۆ کۆمپانیای یوکراین هایدرۆئێنێرجی کرد کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە بەرهەمهێنانی کارەبا. لەگەڵ دەستبەجێ چاکسازیی لە کۆمپانیای نەوت و گاز و کارپێکەری سیستمی گواستنەوەی گازی وڵاتەکە.
 
لە سەرەتای هەفتەی رابردوو، بەهۆی ئەو گەندەڵییەوە دوو وەزیر ناچار بوون دەست لەکار بکێشنەوە و هاوبەشێکی بازرگانی پێشووی زیلینسکیش سزا درا، کاتێک وردەکاریی گەندەڵییەکە بڵاوبووەوە.
 
رۆژی دووشەممە، نووسینگەی نیشتمانی دژە گەندەڵی ئۆکراینا ناسراو بە "نابو" و، نووسینگەی داواکاری گشتی پسپۆڕی دژە گەندەڵی ناسراو بە "ساپ" رایانگەیاند، لێکۆڵینەوەکە 15 مانگی خایاندووە و دەریخستووە، ژمارەیەک ئەندامانی حکومەتەکەی ئێستا ئۆکراینا لەو گەندەڵییە گەورەیە تێوەگلاون.
 
هەندێک لەوانەی لەو گەندەڵییەدا تێوەگلاون، بەرپرسانی نزیکی زیلینسکی بوون. لە نێو ئەو کەسانەشدا کە تۆمەتبارن، هەر یەکە لە: هێرمان هالوشچینکۆ، وەزیری داد، ئۆلێکسی چێرنیشۆڤ، جێگری پێشووی سەرۆکوەزیران و تیمور میندیچ بازرگان و خاوەنی ستۆدیۆی کەناڵەکەی پێشووی زیلینسکی هەن.
 
دوای بڵاوبوونەوەی گەندەڵییەکە لەنێو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە تەواوی ئۆکراینا، زیلینسکی رایگەیاند، پابەندە بە هاوکاریکردنی تەواو لەگەڵ لێکۆڵەرەوەکانی تایبەت بەو دۆسیەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە