رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس، دوو پلانی نوێ و گەورەی بۆ مانگە دەستکردەکانی ستارلینک راگەیاندووە، ئەمەش زانایانی گەردوونناسیی زۆر نیگەران کردووە.
پلانی یەکەم: ناردنی ناوەندەکانی داتا (Data Centers) بۆ بۆشایی ئاسمان
ژیریی دەستکرد پێویستی بە کارەبای زۆرە. ئەو ناوەندی داتایانەی ئەم کارە دەکەن، وزەیەکی یەکجار زۆر بەکاردەهێنن کە بۆ ژینگەی زەوی خراپە.
مەسک دەڵێت، با ناوەندی داتاکان بنێرین بۆ بۆشایی ئاسمان، لەوێ دەتوانن وزەی خۆر بەکاربهێنن و زەوی پیس نەکەن.
بۆچوونی زانایان
سامانسا لۆلەر، زانای بواری گەردوونناسی دەڵێت، ئەمە بیرۆکەیەکی "گەمژانە"یە، چونکە چاککردنەوە و گۆڕینی پارچەکانیان لە بۆشایی ئاسمان زۆر قورسە، ناردنی ئەو هەموو کەرەستەیە بۆ بۆشایی ئاسمان تێچووی زۆرە و ئەگەر پاشماوەی بۆشایی ئاسمان بەر ئەو ناوەندانە بکەوێت، وێرانیان دەکات.
پلانی دووەم: ساردکردنەوەی زەوی بە بەکارهێنانی مانگی دەستکرد
زەوی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە رۆژ بە رۆژ گەرمتر دەبێت.
مەسک پێیوایە "دەتوانین بە هەزاران مانگی دەستکردی زیرەک، بڕێکی تیشکی خۆر بگرین و نەهێڵین بگاتە زەوی. وەک ئەوەی چەترێکی گەورە لە بۆشایی ئاسمان دروست بکەین بۆ ساردکردنەوەی زەوی."
بۆچوونی زانایان
ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر مەترسیدارە، چونکە ئەمە چارەسەری کێشە سەرەکییەکە ناکات کە بریتییە لە وازهێنان لە بەکارهێنانی سووتەمەنیی کاربۆنی. ئەگەر رۆژێک لە رۆژان ئەو سیستمە لەکار بکەوێت، پلەی گەرمیی زەوی زۆر بەخێرایی بەرز دەبێتەوە و کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
بۆچی زانایان بەڕاستی ترساون؟
هەردوو پلانەکەی مەسک یەک ئەنجامیان هەیە: ناردنی هەزاران مانگی دەستکردی نوێ بۆ بۆشایی ئاسمان.
بۆشایی ئاسمان لە ئێستاوە زۆر قەرەباڵخ بووە و سپەیس ئێکس بەرپرسە لە نزیکەی 70%ــی هەموو مانگە دەستکردە چالاکەکان.
ئەم قەرەباڵخییە چەندین مەترسیی گەورەی لێکەوتووەتەوە:
پاشماوەی بۆشایی ئاسمان: ژمارەی مانگە دەستکردەکان هێندە زیاد دەکات کە مەترسیی پێکدادانیان زۆر دەبێت. هەر پێکدادانێک هەزاران پارچەی بچووکی مەترسیدار دروست دەکات.
مەترسیی "سندرۆمی کێسلەر": ئەمە ترسناکترین سیناریۆیە. کاتێک پێکدادانێک روودەدات، پارچەکان بەر مانگی دەستکردی دیکە دەکەون و ئەوانیش دەتەقنەوە. ئەمەش کاردانەوەیەکی زنجیرەیی دروست دەکات تاوەکو خولگەی زەوی پڕ دەبێت لە پارچەی بچووک کە بە خێرایی گوللـە دەجووڵێن. لە ئەنجامدا، بۆ دەیان یان سەتان ساڵ، ناردنی مرۆڤ یان مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان مەحاڵ دەبێت.
پاشماوەکان دەکەونە خوارەوە: مانگە دەستکردەکانی ستارلینک تەمەنیان کورتە (5 ساڵ)، بۆیە بەردەوام دەکەونە خوارەوە و لە بەرگەهەوادا دەسووتێن. ئەمەش بڕێکی زۆر کانزا و پلاستیکی نامۆ دەخاتە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوا، کە کاریگەرییەکەی نازانرێت. هەندێکجار پارچەی نەسووتاو دەکەوێتە سەر زەوی.
تێکدانی کارەکانی گەردوونناسان: ئەو هەموو مانگە دەستکردە وەک هێڵی رووناک لە وێنەی تەلیسکۆپەکاندا دەردەکەون و لێکۆڵینەوە زانستییەکان تێکدەدەن.
زانایان دەڵێن کات زۆر کەمە و پێویستە بەپەلە یاسایەکی نێودەوڵەتیی تووند بۆ رێکخستنی بۆشایی ئاسمان دەربکرێت، ئەگەرنا، بەهۆی پلانە گەورەکانی وەک ئەوانەی ئیلۆن مەسکەوە، رەنگە بۆشایی ئاسمان بۆ هەمیشە لەدەست بدەین.
ئەم بابەتە لە راپۆرتێکی پێگەی (Interesting Engineering) ئەمریکی وەرگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ