سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن شەوانە دوو کاژێر دەخەوێت؛ "شەوانیش کارمەندەکانی بەخەبەر دەهێنێت"

16-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن ئاشکرای کرد، بەشێوەیەکی ئاسایی شەوانە تەنیا دوو کاژێر دەخەوێت و هەندێ جار داوا لە یاریدەدەرەکانی دەکات کاژێر 3:00ـی بەرەبەیان کۆبوونەوەی لەگەڵ بکەن، ئەمەش نیگەرانیی نوێی دروستکردووە، لە وڵاتێکدا کە بە کارکردنی زۆر و ماندووبوونی دەروونی ناسراوە.
 
سانای تاکایچی دانی بەوەدا نا کەمترین کاتی بۆ خەوتنە. 
 
هەفتەی رابردوو، لە بەرەبەیانی زوودا و چەند کاژێرێک پێش ئەوەی بچێتە پەرلەمان، هەموو وەزیر و یاریدەدەرەکانی بەخەبەر هێنابوون و کۆبوونەوەیەکی پێ کردبوون، ئەوەش کاردانەوە و مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە. 
 
میدیای ژاپۆن کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینیی بە "کۆششکردنی کاژێر 3:00ـی بەیانیی منداڵان" ناوبرد، کە تەنیا 6 کاژێر بەر لە دەستپێکردنی دانیشتنی لیژنەی بودجە بوو.
 
پرسی "زۆر کارکردن" بابەتێکی هەستیارە لە ژاپۆن، لەکاتێکدا نیگەرانییەکان روو لە زیادبوونن سەبارەت بە ماندوێتی و تەندروستیی دەروونی. 
 
ترس هەیە لە زیادبوونی "کارۆشی" (Karoshi) کە بە واتەی "مردن بەهۆی زۆر کارکردنەوە" دێت و بە هۆکاری گیانلەدەستدانی چەندین کەس لە ساڵانی رابردوودا دادەنرێت.
 
سانای تاکایچی، کە لە مانگی تشرینی یەکەم بووە یەکەم ژن لە مێژووی ژاپۆندا پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرێت، بە پەرلەمانتارانی گوت: "ئێستا نزیکەی دوو کاژێر دەخەوم، زۆرترین ماوە چوار کاژێرە. رەنگە ئەمە بۆ پێستم خراپ بێت."
 
ئەم قسانەی تاکایچی لە وەڵامی پرسیارێکدا هات سەبارەت بەوەی چۆن پلانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کاژێرە درێژەکانی کارکردن لە ژاپۆن. تاکایچی پێشتر بەڵێنی دابوو بێوچان کار بکات.
 
سەرۆکوەزیران کە هێشتا نەچووەتە شوێنی مانەوەی فەرمیی خۆی، باسی لەوە کرد ئامێری فاکسەکەی لە ماڵەوە تێکچووە، بۆیە بەرەبەیان چووەتە شوێنی مانەوەی فەرمی بۆ پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەکان پێش ئەوەی کۆبوونەوەکەی لە پەرلەمان کاژێر 9:00ـی بەیانی دەستپێبکات.
 
حکومەتەکەی تاکایچی بەنیازە بڕیارێک دەربکات کە رێگە سنووری ماوەی کارکردنی زیادە (ئیزافی) زیاد بکات، ئەمەش ترسی دروستکردووە لەوەی داوا لە کرێکاران بکرێت ماوەیەکی زیاتر کار بکەن، بەڵام سەرۆکوەزیران بەڵێنی داوە هەر گۆڕانکارییەک بکرێت تەندروستیی کرێکاران لە پێشینە دەبێت.
 
یۆشیهیکۆ نۆدا، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر کە ئێستا سەرۆکایەتیی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی دەکات، کۆبوونەوەکەی کاژێر 3:00ـی بەیانیی تاکایچی بە "شێتانە" ناو برد و گوتی: "ئاساییە خۆی کار بکات، بەڵام نابێت خەڵکی دیکە تووش بکات."
 
نۆدا لە چاوپێکەوتنێکدا گوتیشی: "لەو کاتەدا هەموو کەسێک لە جێگەی خەودایە. ئەمە هەڵوێستێکی زۆر جێگەی داخە بۆ باڵاترین سەرکردەی وڵات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا