نێردەی ترەمپ: دۆخی سوودان گەورەترین قەیرانی مرۆیی جیهانە

16-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مەسعەد بۆڵس، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفریقا، رۆژی شەممە جەنگی سوودانی بە "گەورەترین قەیرانی مرۆیی جیهان" ناوبرد و رایگەیاند، هیوادارە پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی بۆ گەیشتن بە ئاشتی بەدەست بێت.
 
جەنگی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە نیسانی 2023ـەوە سەری هەڵداوە و بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی 12 ملیۆن کەسی دیکە.
 
لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا، پشتیوانیی خێرا شاری فاشری کۆنترۆڵ کرد، کە ناوەندێکی ستراتیجییە لە هەرێمی دارفووری رۆژئاوای سوودان، ئەمەش دوای گەمارۆیەکی 18 مانگەی پڕ لە توندوتیژی هات کە تێیدا هێزەکە بە کوشتنی بەکۆمەڵ و توندوتیژیی سێکسی تۆمەتبار کرا.
 
بۆڵس لە چاوپێکەوتنێکدا لە دەوحە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "لایەنی مرۆیی ئەم ناکۆکییە، گەورەترین قەیرانی مرۆیی جیهانە ئەمڕۆ و گەورەترین کارەساتی مرۆیی جیهانە."
 
گوتیشی: "بەتایبەتی ئەوەی لە دوو یان سێ هەفتەی رابردوودا لە فاشر روویدا. هەموومان ئەو ڤیدیۆیانەمان بینیوە. ئەو راپۆرتانەمان بینیوە. ئەو کارە دڕندانانە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین. دەبێت ئەمە زۆر بەخێرایی بوەستێت." 
 
واشنتن داوای لە لایەنە شەڕکەرەکان کردووە ئاگربەست لە سوودان رابگەیێنن.
 
دوای کۆبوونەوەیەکی نێوخۆیی لەسەر پێشنیازێکی ئەمریکی بۆ ئاگربەست، حکومەتی سوودان رایگەیاند، لە دژی هێزی پشتیوانیی خێرا، لە جەنگ بەردەوام دەبن. 
 
لە کاتێکدا هێزەکانی پشتیوانیی خێرا رایانگەیاندووە کە بە ئاگربەستە مرۆییەکەی نێوەندگیران رازین، بەڵام هێرشەکانیان بەردەوامە.
 
بۆڵس گوتی، ئەمریکا و هاوبەشە نێوەندگیرەکانی لە سوودان داوا لە هەردوولا دەکەن بە "ئاگربەستێکی مرۆیی سێ مانگە" رازی بن.
 
هەروەها گوتی: "گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دانوستاندنی لەسەر دەکرێت. ئێمە هانیان دەدەین ئەم پێشنیازە قبووڵ بکەن و دەستبەجێ، بەبێ دواکەوتن جێبەجێی بکەن."
 
لە مانگی ئەیلوول، ئەمریکا، سعودیە، ئیمارات و میسر بە هاوبەشی داوای ئاگربەستێکی مرۆییان کرد کە بەدوایدا ئاگربەستێکی هەمیشەیی بێت و دەست بە دروستکردنی حکومەتێکی سڤیل بکرێت، بەڵام پێشنیازیان کرد کە هیچ لایەنێکی شەڕکەر نابێت لە حکومەتەکەدا بەشدار بێت. 
 
بۆڵس گوتی، ئەمریکا هیوادارە لەگەڵ هاوبەشەکانیدا "لە هەفتەکانی داهاتوو هەندێک پێشکەوتنی گەورە" لەسەر پلانە گەورەکە بەدەستبهێنن، لەنێویاندا دەستکردن بە پێکهێنانی حکومەتێکی سڤیل.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا