دیاردەی خۆخۆریی جەستە چییە و چۆن سوودی لێ وەردەگرین؟

16-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێک لە فەرمان و کارە سەیرەکانی جەستە بریتییە لە پرۆسەیەک کە پێی دەگوترێ خۆخۆری، ئەویش بریتییە لە پاککردنەوە و نوێکردنەوەی خانەکانی جەستە کە بە کلیلی تەمەندرێژی و رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و زەهایمەر دادەنرێ. پسپۆڕان دەڵێن، دەتوانرێ پرۆسەکە لە رێگەی گۆڕانکاریی سادەوە لە ژەمەخواردن و وەرزشدا چالاک بکرێ.
 
خۆخۆری بریتییە لە میکانیزمێکی سرووشتیی جەستە بۆ خۆپاراستن. لەم پرۆسەیەدا خانەکانی جەستە بەشە خراپبوو و بێسوودەکانی خۆیان دەخۆن و بەکاردەهێننەوە بۆ دروستکردنی خانەی نوێ و تەندروستتر.
 
لە ساڵی 2016ـدا یۆشینۆری ئۆسومی، زانای زیندەزانیی ژاپۆنی ئەو دیاردەیەی دۆزییەوە و میکانیزمی بۆماوەیی و گەردیلەیی ئەم پرۆسەیەی شیکردەوە، بەو هۆیەوە هەر ئەو ساڵ خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بردەوە.
 
بە سادەیی، خۆخۆری یان ئۆتۆفجی وەک گسکێکی کارەبایی یان وەک کارگوزارێک کاردەکات و خانەکان پاک دەکاتەوە. پرۆسەکە لەنێو خانەکانی جەستەدا دەکرێ و کارە سەرەکییەکانی بریتین لە:
 
کۆکردنەوە: دەستنیشانکردنی بەشە خراپبوو، کۆن و ناپێویستەکانی نێو خانە (وەک پرۆتینە شکاو و بێکەڵکەکان).
 
پێچانەوە: دوای دەستنیشانکردن، هەموو بەشە بێکەڵکەکان لەنێو بڵقێکی دوو توێژی کۆدەکرێنەوە کە پێی دەگوترێت ئۆتۆفاگۆسم. بڵقەکە بەشە باش و خراپەکان لێک جیا دەکاتەوە. بۆیە بڵقەکە لە دوو چین پێکدێت، بۆ ئەوەی زوو نەشکێت و پارچە پیسەکان لەنێو خانەدا بڵاو نەبنەوە.
 
بەکارهێنانەوە: بڵقەکە هەموو پارچە ناپێویستەکان بۆ بەشێکی خانە دەگوازێتەوە کە پێی دەگوترێت (ئیسۆسم) وەکو گەدەی خانە وایە، ئەو پارچانە هەرس دەکات و بۆ پارچەی زۆر وردتر تێکیان دەشکێنێت وەک ترشە ئەمینییەکان، بۆ ئەوەی خانە بەکاریان بهێنێتەوە (ریسایکلین).
 
بە گوتەی لوئیزا پێتری، پزیشکی پسپۆڕی دڵ، "ئامانجی ئۆتۆفەجی لابردنی پاشماوەکان و گەڕانەوەیە بۆ کارکردنی ئاسایی. وەک ئەوە وایە دوگمەی ریسێت یان فۆرماتی جەستەت دابگری."
 
سوودە سەرەکییەکانی چین؟
 
سوودە سەرەکییەکانی خۆخۆری لە بنەماکانی دژە پیربووندا خۆیان دەبیننەوە. پسپۆڕان دەڵێن، ئەمە رێبازی جەستەیە بۆ دروستکردنی خانەی گەنجتر.
 
بە شێوەیەکی گشتی، سوودەکانی بریتین لە:
 
لابردنی پرۆتینە ژەهراوییەکان: ئەو پرۆتینانەی دەبنەهۆی نەخۆشییە دەمارییەکانی وەک پارکینسن و زەهایمەر، لەنێودەبات.
 
دابینکردنی وزە: پرۆتینە پاشماوەکان بەکاردەهێنێتەوە و وزە بۆ ئەو خانانە دابین دەکات کە هێشتا پێویستیان بە چاککردنەوەیە.
 
رێگری لە شێرپەنجە: پسپۆڕان دەڵێن، لەکاتێکدا هەموو شێرپەنجەیەک لە خانەی ناتەواوەوە دەستپێدەکات، دەبێت جەستە ئەو خانانە بناسێتەوە و لایان ببات کە زۆرجار بە پرۆسەی ئۆتۆفەجی دەکرێ. هەرچەندە توێژینەوەکان هێشتا بەردەوامن، بەڵام پێدەچێت پرۆسەی خۆخۆری مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە کەم بکاتەوە.
 
چۆن دەتوانین دوگمەی ئۆتۆفەجی چالاک بکەین؟
 
پسپۆڕان ئاماژە بە سێ رێگەی سەرەکی دەکەن بۆ هاندانی جەستە تاوەکو ئەم پرۆسەیە چالاک بکات:
 
رۆژووی پچڕ پچڕ: دکتۆر پێتری دەڵێت: "بەڕۆژووبوون کاریگەرترین رێگەیە بۆ چالاککردنی ئۆتۆفەجی." کاتێک جەستە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو خواردن وەرناگرێ، ئەم پرۆسەیە خێراتر دەبێت بۆ دابینکردنی وزە. 
 
پرۆگرامی کیتۆ: ئەم سیستمە خۆراکییە کە 75٪ـی کالۆریی رۆژانەی لە چەورییەوە وەردەگیرێ و رێژەی کاربۆهیدرات بۆ 5٪ بۆ 10٪ کەم دەکرێتەوە، بە "رێگەیەکی کورتکراوە" دادەنرێ بۆ چالاککردنی خۆخۆری. کاتێک جەستە کەمترین بڕی شەکری پێدەگات، لەبری گلوکۆز، بۆ دەستکەوتنی وزە، چەوریی لەش دەسووتێنێت و ئەمەش هانای پرۆسەی خۆپاککردنەوەکە دەدات.
 
وەرزشکردن: توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە راهێنانی جەستەیی دەتوانێ خۆخۆری لە ئەندامە گرنگەکانی وەک ماسوولکە، جگەر و پەنکریاسدا چالاک بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کیرل باژانۆڤ، ئەو رۆژنامەڤانەی داوای هاوسەرگیریی لە خۆشەویستەکەی کرد.

رۆژنامەڤانێک لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی پووتین دا داوای هاوژینی لە خۆشەویستەکەی کرد

زۆربەی گەنجان کاتێک داوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە خۆشەویستەکانیان دەکەن، شوێنە رۆمانسییەکانی وەک نزیک تاوەری ئیڤڵ، کەنار دەریا یان رێستۆرانتێکی هێمن هەڵدەبژێرن، بەڵام رۆژنامەڤانێکی رووسی شوێنێکی تەواو جیاوازی هەڵبژارد.