نەتەوە یەکگرتووەکان دوای هێرشەکەی سەر هەولێر: دۆخی عێراق و ناوچەکە هەستیار و گرژە

17-01-2024
رووداو @Rudawkurdish
دیمەنێکی دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر هەولێر. وێنە: رووداو
دیمەنێکی دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر هەولێر. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەولێر رایگەیاند، دۆخی عێراق و ناوچەکە "هەستیار و گرژە" و دەبێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن.
 
ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر قسەی بۆ رووداو کرد و پێیوایە، ئێران خوێندنەوەی هەڵەی بۆ بارودۆخەکە کردووە و بەو کارانەی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
 
گوتەبێژەکەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، "لە هەر کردەوەیەک دووربکەونەوە گرژی زیاد بکات" و دەشڵێت، دژی هەر هێرشێکن سەروەریی دەوڵەتێک پێشێل بکات و دەبێت وڵاتان رێز لە سەروەریی یەکدی بگرن.
 
دووجاریک سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات و پێیوایە هیچ رێگەیەک نییە بۆ سەلماندنی پڕوپاگەندەکانی ئێران.
 
هاوکات مۆنیکا گرایلی، گوتەبێژی سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکەی هەولێر سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "زیادبوونی گرژی خزمەتی هیچ لایەنێک ناکات."
 
رۆژی سێشەممە 17-01-2024 نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر بڵاوکردەوە و تێیدا بە تووندی هێرشەکەی ئێرانی بۆ سەر چەند شوێنێکی هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق سەرکۆنە کرد.
 
یونامی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو، "دەبێت ئەو هێرشانە بوەستێن کە سەروەریی عێراق و سەلامەتیی خاکەکەی پێشێل دەکەن، جا لە هەرلایەکەوە بێت. دەبێت کێشە ئەمنییەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن نەوەک هێرش."
 
شەوى 15ى کانوونى دووەم، لەلایەن سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە هێرش کرایە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکە بریندار بوون.
 
لەو 11 مووشەکەی ئێران هەولێری پێکردە ئامانج، پێنجیان بەر ماڵى پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری ناسراوی هەولێر کەوتن؛ لە ئەنجامدا خۆی، کچێکى، میوانێکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لە دەستدا. هاوژینەکەی و دوو کوڕیشی برینداربوون کە برینی کوڕێکیانی سەختە و تەندروستیی ناجێگیرە، بۆ چارەسەریش براونەتە ئیمارات.
 
هێرشەکانی ئێران کاردانەوەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەمریکا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، تورکیا و فینلاند لەسەر ئاستی جیا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەیان کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.