رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ کوردستان و عێراق، بەڵام تەنیا لەم هەفتەیەدا زۆرتر لە 500 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
ئەم هەفتەیە هەفتەیەکی پڕ هەواڵ بوو سەبارەت بە کۆچبەران لە بەریتانیا و بەرەو بەریتانیا. بەپێی داتاکانی وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە، تەنیا ئەم هەفتەیە 542 کۆچبەر بە 10 بەلەمی بچووک لە فەرەنساوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا. هەروەها 99 کۆچبەریش کە هەوڵیان دابوو بە بەلەم بپەڕنەوە و تووشی دۆخی دژوار هاتبوون، لەلایەن هێزی دەریایی فەرەنساوە رزگار کراون و گەڕێندراونەتەوە.
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و بەریتانیا لە شاری سلێمانی، ئەم هەفتەیە سێ کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە دەستگیر کران.
ئاژانسی نیشتمانیی تاوان لە بەریتانیا (ئێن سی ئەی) رایگەیاندووە، ئەو سێ کەسەی گیراون پەیوەندییان بە ئامانج حەسەن زادەوە هەبووە، کە کۆتایی ساڵی رابردوو لە بەریتانیا بە 17 ساڵ زیندانی حوکم درا؛ ئەوەش دوای ئەوەی لەسەری ساخ بووەوە کە بە دەیان کۆچبەری بەشێوەی نایاسایی گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
ئەو سێ کەسەی دەستگیر کراون یەکێکیان تەمەنی 38 ساڵە و کاری پەڕاندنەوەی بەقاچاخی خەڵک بووە لە یۆنانەوە بۆ ئیتاڵیا. کەسی دووەم لە تەمەنی 40ەکاندا بووە و ئیشی حەواڵەی کردووە؛ کەسی سێیەمیش تەمەنی لە 30یەکاندا بووە و تۆمەتبارە بەوەی دەڵاڵیی بۆ قاچاخچییەکان کردووە و کۆچبەری بۆ پەیدا کردوون.
ئامانج حەسەن زادە بەهۆی گەعدەیەکەوە ئاشکرا بوو کە ساڵی 2021 لە کوردستان بۆی کرابوو، تێیدا بە (باشترین قاچاخچی) ناسێندرابوو. پۆلیسی بەریتانی ڤیدیۆکەی لەسەر یوتیوب بینیوە و دەستگیریان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ